بۆشایی سەركردە، لەتێپەڕاندنی قەیراندا

د. ئاراز رەمەزان
  2020-03-26     501
لەكاتی سەرهەڵدان و ژیان لەناو قەیرانەكاندا، جا قەیرانی سیاسیی، مرۆیی یان سروشتی بن، گەورەترین رۆڵ دەكەوێتە سەر سەركردەكانی وڵاتان و سەركردەی پارتە سیاسییەكان بەگشتی، و دواتری تیمی سەركردایەتیكردنی قەیرانەكان.
لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەجیهاندا، لەزۆرینەی وڵاتان سەركردەكان رۆژانە بەراستەوخۆ لەگەڵ خەڵك و هاونیشتمانیانن، بۆ نمونە  بۆریس جۆنسۆن سەرۆكی بەریتانیاو ترامپ سەرۆكی ئەمریكاو مێركڵ لەئەڵمانیا...هتد، رۆژانە لەرێی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكانیانەوە، لەگەڵ نەتەوەكانیان گفتوگۆ دەكەن، گۆڕانكارییە نوێیەكانیان پێدەگەیەنن، پەیامە سیاسییەكانیشان دەگەیەنن و پێیان دەڵێن، لەگەڵتانین، جێتان ناهێڵین بەبرسێتیی و بێ موچەی و بەرچاو ڕوونیان پێدەدەن، دەربارەی بارودۆخی ئابوری و سیاسیی و تەندروستی وڵاتەكانیان.
مانەوەی سەرۆكەكان لەگەڵ نەتەوەكانیان، هیچ بۆشاییەكی سیاسیی و سەركردایەتی دروست ناكات، لەنێوان نەتەوەو سەركردەدا، بەتایبەتی لەكاتی سەرهەڵدانی قەیرانەكاندا، لەكاتی ژیان لەناو قەیرانەكان و رووبەڕوبونەوەی قەیرانەكاندا، هەروەها لەكاتی كۆتایی هاتنی قەیرانەكان و كاركردن لەسەر كاریگەرییەكانی دوای قەیرانەكان، مانەوەی سەركردە لەناو مەیدانی رووبەڕوبونەوەی قەیرانەكان و جێنەهێشتنی پانتایی گشتی جەماوەری كاریگەری ئەرێنی زۆری لەسەر رایگشتی و جەماوەر دەبێت، هەم بۆ تێپەڕاندن و ژیان لەناو قەیرانەكاندا، هەمیش بۆ دوای قەیرانەكان و لێكەوتەكانی لەسەر رایگشتی و لەسەر جەماوەرو لێكەوتە سیاسییەكانی بەرامبەر بەپارتە سیاسیی و سەركردەكان.
گرنگترین كاریگەری مانەوەی سەركردە لەكاتی قەیرانەكان، دروستكردنی كاریگەری دەروونییە لەسەر جەماوەر، كاركردنە لەسەر سایكۆلۆژیای جەماوەر، دەرخستنی متمانەو راستگۆیی سەركردایەتیكردنە، دەخستنی متمانەو لێپرسراوێتی و راستگۆیی سیاسیی سەركردەكانە بۆ دەنگدەرانیان، بۆ نەتەوەكانیان، توانست و ئاستی سەركردایەتی سەركردەكانە، چونكە باشترین سەركردەكان، گەورەترین رۆڵ دەگێڕن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان، سەركردەی پاسیڤ خراپترین جۆری سەركردەكانن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان.
 هەرێمی كوردستان لەناوەڕاستی مانگی شوباتەوە، بەستراتیژو پلانێكی باشەوە رووبەڕوی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆتەوە. كە لەئێستادا قەیرانێكی تەندروستی و ئابوری و سیاسیی نێودەوڵەتی دروستكردووە، تیمی رووبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی پێشمەرگەو لایەنەكانی تریش، ئەرك و رۆڵێكی گرنگیان گێڕاوەو جێی ستایشن، بەڵام ئەوەی نیگەرانی دروستكردووە لای هاونیشتمانیان بۆشایی سەركردەكانمانە لە سەرۆكایەتی هەرێم، لەحكومەت و لەناو پارتە سیاسییەكاندا.
سەركردەكانی ئێمە، كەمترین دەركەوتنی راستەوخۆیان هەیە لەگەڵ جەماوەر، لەئێستادا خەڵك لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەدەركەوتنی سەركردایەتی سیاسیی و حوكمڕانی كورد هەیە، دەتوانن گەورەترین كاریگەریی لەسەر ئارامی گشتی و سایكۆلۆژیای گشتی دروست بكەن، سەركردایەتی ئێمە نەك نەیانتوانیوە ئەوە بكەن، بەڵكو بەپێچەوانەوە بێدەنگن لەدروستكردنی قەیرانی تری سیاسیی و ئابوری كە كاریگەری زۆریان لەسەر سایكۆلۆژیای جەماوەر لەكوردستان هەیەو دەرەنجامی سیاسیی نەرێنیشی دەبێت لەداهاتوودا.
كاتێك وەزیرەكانی حكومەت، لێدوانی ناڕوون لەسەر ئابوری كوردستان و لەسەر موچەو داهاتی خەڵك دەدەن، و قەیرانێكی دەروونی گەورە لەنێو زیاتر لە ملیۆنێك موچە خۆر دروست دەكەن، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پارتە سیاسییەكان، بەشداریی ناكەن لەدڵنیاكردنەوەی موچە خۆران و خەڵك و بۆشاییەكی گەورە دروست دەكەن بەدەرنەكەوتنیان و پێنەدانی دڵنیایی لەسەر دۆخی ژیانی خەڵك هاوشێوەی ئەوەی جۆنسۆن لەبەریتانیا دەیكات و ئەوەی ترەمپ و تیمەكانی لەئەمریكا دەیكەن، بۆ پێدانی دڵنیایی ئابوری و موچەو داهاتی خەڵك، چونكە نادڵنیایی كاریگەریی كورتخایەنی هەیەو ئەگەر لێكەوتەو ئاڵۆزی سیاسیی و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
كاتێك تیمەكانی حكومەت، بەوپەڕی تواناو راستگۆییانەوە لەسەنگەری رووبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادان، سەركردەكانمان نابێت رێگە بەدامەزراوەو پارتە سیاسییەكانیان بدەن، ئاڵۆزی سیاسیی لەنێوان پارتە سیاسییەكان دروست بكرێت، هەر لەدروستكردنی كەیسی سیخوری نێوانە دەزگا ئەمنییەكان و دواتریش ئاڵۆزی هێزی چەكداری لەزینی وەرتێ و هتد. 
پێویستە ئێوە وەكو سەركردایەتی سیاسیی لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتیش (سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان) و سەرۆكی پارتە سیاسییەكان، ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە دروستان كردووە لەنێوان خۆتان و نەتەوەكەتان، و خراپترین كاریگەری نەرێنیان لەسەر خەڵك دروست كردووە، بە ئاڵۆزییە سیاسییەكان و ناڕوونی لێدوانی وەزیرەكانتان و بەرچاوڕوون نەبوونی موچەخۆران لەسەر موچەكانیان و داهاتیان، ئەگەر ئەم بۆشاییە پڕنەكەنەوە ئەوا ناتوانن سەركردایەتی حەقیقی خەڵك بكەن و ناتوانن رۆڵی سەرۆكتان هەبێت لەتێپەڕاندنی ئەم قەیرانە نێودەوڵەتیەی كە هەرێمی كوردستانیشی گرتۆتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×