له‌ سه‌رگه‌ڕان نه‌وت تێكه‌لی ئاوی مالان بوه‌
  2019-08-19       856       
ماوەی هەفتەیەكە لە تەواوی شارەدێی سەرگەڕان نەوتی ڕەش تێكەڵ بە ئاوی خواردنەوەی ماڵان بووە، خەڵك بەم هۆیەوە ناچارن بە شێوەیەكی بەردەوام ئاو لە تانكەر بکڕن.

ئاوێنه‌: بە پێی زانیارییەكان، ئێستە شەقام و کۆڵانەکانی سەرگەڕان ڕەش هەڵگەڕاون و بۆ هەر کوێیەک دەچی نەوتی ڕەش و ئاو تێکەڵ بوون، لە هەندێک شوێن شوێنەواری سوتانی ئەو نەوتە دەبینرێ، کە گڕی گرتوە و دار و درەختەکانیش لەگەڵیدا سوتاون.

خەڵكی سەرگەڕان ڕەخنەیان لە بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە هەیە، کە کێشەکەیان بە هەند وەرنەگرتووە و خەڵکەکەیان پشتگوێ خستووە، لەمبارەوە عەبدولموتەڵیب نەجمەدین بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان بە بیانوی ئاگادار نەبون لە وردەکاریی کێشەکە، قسەی لەسەر بابەتەکە نەکرد.

لای خۆیەوە مەجید سەربەشاخی کە بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوتە لە شارەدێی سەرگەڕان رایگەیاند ''سەرچاوەی کێشەکە خەڵکەکەن، چونکە دەستکاری بۆڕی ئاوەکەیان کردووە، کە لە بنەڕەتەوە ئەو هێڵە سەر بە کۆمپانیای نەوتە، لە ئەنجامدا نەوت لەگەڵ ئاوەکە تێکەڵ بووە''.

هەروەها وتی ''لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و تیمی شارەزایان ناردووە و لە زووترین کات چارەسەری دەکەن''.

شارەدێی سەرگەڕان سەر بە قەزای دوبزە لە پارێزگای کەرکووک، هەروەها كەوتووەتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەدێی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×