پشتیوان سادق: لەم رۆژانەدا كێشەی موچە چارەسەر دەبێت
  2025-07-02       459       

پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، لەم رۆژانەدا كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەبێت. ئاماژە بەوەشدەدات، حکومەتی ھەرێم خۆی بە بەرپرسی مافەکانی فەرمانبەران دەزانێت، بۆیە سەرۆکی حکومەت دەڵێت: "فەرمانبەران ئەرکیان لەسەر شانمانەو قەرزاریانین."

ئاوێنە: پشتیوان سادق كە هاوكات وەزیری ئەوقافی هەرێمە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وتارێكدا نوسیوتی"ئەمەی بەغدا دەیکات کە برسیکردنی خەڵکی کوردستانە، قۆناغ بە قۆناغ، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ قۆناغەکانی شاڵاوی ئەنفال، چونکە ئەقڵییەتەکە بەرەو ھەمان ئەقڵییەت دەڕوا."

وتوشیەتی"ئەو ستەمەی ئێستا لەلایەن دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵەوە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، ڕێگری لە چارەسەری درێژخایەن دەکات، سەرکردە سیاسییەکان، دەیانەوێت چارەسەری کاتی بکەن بۆ ئەوەی فشارە ھەنوکەییەکان کەم بکەنەوە، بەڵام ئەو سیاسەتە متمانەکە ناشیرین دەکات و دەیشێوێنێت، عێراق تا نەگاتە ئەو بڕوایەی کە کوردستانێکی سەقامگیر، گەشەسەندو، پارێزراو، سەرمایەیەکی ژیانییە بۆ عێراقێکی فیدڕاڵ و سەقامگیر و پارێزراو، ناتوانرێت مامەڵەی تەندروست لەگەڵ یەکتری بکەین."

ئاماژەی بەوەشداوە "گرفتی گەورە ئەوەیە بەغدا ھەمیشە لاوازکردنی قەوارەی ھەرێم و برسیکردنی گەلی کوردستان بە سەرکەوتنی خۆی دەزانێت، کە ئەمە ئەقڵییەتی ڕژێمی پێشو بو."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە "تا ئێستا یەک ھێزو لایەنی سیاسی (ئەگەر ناویان لێ بنێین ئۆپۆزیسیۆن)، بەرامبەر بە برسیکردنی خەڵکی کوردستان بۆ جارێکیش پەنجەی تۆمەتیان بۆ بەغدا درێژ نەکردوە، ئەمە لە ھەر وڵاتێکی دیکە بوایە، لێپێچانەوەی توندی لەسەر دەکرا."

بەقسەی پشتیوان سادق، بە "ھەوڵی بەردەوام"ی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم ڕۆژانەدا "کێشەی موچە چارەسەر دەبێت کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، بێگومان حکومەتی ھەرێمیش خۆی بە بەرپرسی مافەکانیان دەزانێت، بۆیە سەرۆکی حکومەت زۆر جاران دەڵێت: فەرمانبەران ئەرکیان لەسەر شانمانەو قەرزاریانین."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×