بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ئەو لیژنەی بۆ لێبوردنی تایبەت دانرابوو، بڕیاریدا هەڵگرانی ڤایرۆسی جگەر دۆخیان ئاساییە و لێبووردنی تایبەت نایانگرێتەوە.
ئاوێنە: ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا وتی "ئەو نەخۆشخانەی ڤایرۆسی جگەریان هەیە کۆی گشتیان 60 کەسە و دوان لەوانە ژنن، کە بەم جۆرە بەسەر چاکسازییەکاندا دابەش بوون".
لەبارەی ژمارەی هەڵگران، ناوبراو وتیشی "چاکسازیی گەورانی هەولێر 12 نەخۆشە و چاکسازیی گەورانی سلێمانی 16 نەخۆش و چاکسازیی گەورانی دهۆکیش 32 نەخۆشی ڤایرۆسی جگەرن".
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "نەخۆشەکان جیاکراونەتەوە و چاودێریی دەکرێن و چارەسەری پێویست وەردەگرن".
دەربارەی لێبووردنی تایبەت بۆ ئەو نەخۆشانە، ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاشکرایکرد "سێجار لەگەڵ ئەو لیژنەیەی بۆ لێبووردنی تایبەت دانراوە، هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشانە لێبووردنی تایبەت بیانگرێتەوە، بەڵام لیژنەکە دوای پشکنین ڕایگەیاند کە دۆخیان ئاساییە و مەترسیدار نییە، بۆیە لێبووردنی تایبەت نایانگرێتەوە".