بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی "The New Region"، ئیدارەی ئەمریکا پەیامێکی هۆشداریی توندی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە. لە پەیامەکەدا واشنتن هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووریی قورس بەسەر حکومەتی بەغدادا دەکات، ئەگەر بێتو ئەو نۆ وەزارەتەی کە تا ئێستا لە کابینەکەیدا بەتاڵن، لەسەر بنەمای پشکپشکێنە بدرێنە ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کە نزیکایەتییان لەگەڵ ئێران هەیە.
ئاوێنە: ڕاپۆرتەکە، کە پشتی بە زانیاریی بەرپرسانی باڵای ناوخۆی حکومەتی عێراق بەستووە، ئاماژە بەوە دەکات کە واشنتن فشاری خستووەتە سەر سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی ڕێگرییەکی گشتگیر بکات لە وەرگرتنی پۆستە باڵا و جێبەجێکارەکان لەلایەن ئەو کەسایەتییانەی سەر بە تارانن، بەبێ ڕەچاوکردنی قەبارەی کورسییە پەرلەمانییەکانیان و مافە سیاسییەکانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
لە ئێستادا، بەتاڵمانەوەی ئەو نۆ وەزارەتە گرنگە، سەرۆک وەزیرانی عێراقی خستووەتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە؛ لەلایەکەوە دەبێت مامەڵە لەگەڵ مەرجەکانی ئەمریکادا بکات بۆ دوورخستنەوەی هاوپەیمانەکانی تاران لە پێکهاتەی حکومەت، لەلایەکی دیکەشەوە ڕووبەڕووی فشاری بەردەوامی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بووەتەوە کە سوورن لەسەر وەرگرتنی پشکی خۆیان لە پۆستە وەزارییەکان.
لەسەر ئەم پرسە، شارەزایانی بواری ئابووری پێشبینی دەکەن کە هەر سزایەکی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا، ئەگەر بەغدا بە تەواوی داواکارییەکانی واشنتن لە پرۆسەی تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتدا جێبەجێ نەکات، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەرتی بانکی، سیستەمی دارایی و جووڵەی دراوی عێراق دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی حکومیی عێراق بە تۆڕە هەواڵییەکەی ڕاگەیاندووە کە پەیامەکەی واشنتن زۆر ڕوون و توند بووە، بەو پێیەی ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە پڕکردنەوەی ئەو نۆ وەزارەتە لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندیی هێزە نزیکەکانی ئێران کۆتایی دێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر جووڵەیەک بەو ئاراستەیەدا، عێراق دەخاتە ژێر باری سزای قورسی ئابوورییەوە. بەرپرسەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە زەیدی لە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردایە، چونکە دەبێت هاوسەنگییەک بپارێزێت لە نێوان هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، و ڕازیکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی دەسەڵات کە ئامادە نین دەستبەرداری پشکەکانیان ببن.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە ماوەی ئەم مانگەدا (ئەیلوول) بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی و هەستیاردا تێدەپەڕن. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو وادەیەی کە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە دیاریکرابوو بۆ داماڵینی چەکی گروپەکان و کەمکردنەوەی هەژموونی لایەنە نزیکەکانی ئێران لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا. جێی باسە، پێشتریش ئەمریکا چەندین بانکی عێراقی خستووەتە لیستی ڕەشەوە، و بەکارهێنانی سزای دارایی وەک یەکێک لە چەک و ئامرازە سەرەکییەکان بۆ ئاراستەکردنی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق هەژمار دەکرێت.