رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە وتاری کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک باسی لەوەکرد کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی حوسییەکان و سعودیە.
ئاوێنە: سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بە شەڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و وتی "بەردەوامبوونی ئەم ململانێیە بەرژەوەندی هیچ کەسێک نییە".
ئەردۆغان وتیشی "تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سعدویە و حوسییەکان".
ئەوەشی خستەروو، نەتەوە یەکگرتووەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بۆ دابینکردنی ئاشتی "سەرکەوتوو نەبووە" و پاشان داوای چاکسازی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
ئەردۆغان لە نەبوونی مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خەمباری خۆی نەشاردەوە و وتی "هەست بە داخ و پەشیمانی دەکەم لە نەبوونی مەحمود عەباس لە کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان".
سەرۆکی تورکیا غەززەی بە "گەورەترین گۆڕستان" ناوبرد و ئاشکرایکرد "هیچ مرۆڤێکی بە ویژدان ناتوانێت چاوی لەو ڕووداوانە بپۆشێت کەلە غەززە ڕوودەدەن".