تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی: فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر حوسییەکان دابەشبوون
  2026-09-22     

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی"ی ئەمریکی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بژاردەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی گرووپی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) لە داهاتوودا بە کراوەیی هێشتووەتەوە و ئەو ئەگەرەی ڕەت نەکردووەتەوە.

ئاوێنە: ​ڕاپۆرتەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، کە جیاوازییەکی قووڵ لە بۆچوونی فەرماندە سەربازییەکانی واشنتن هەیە سەبارەت بەوەی ئایا پێویستە ئەمریکا دەستتێوەردانی سەربازی بکات یان نا. بەشێک لەو فەرماندانە داوا دەکەن هێرشی ڕاستەوخۆ بکرێتە سەر حوسییەکان، پاساویان بۆ ئەمەش ئەوەیە کە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکاری ڕیاز بکات لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکەکەی.

​هەمان ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەو فەرماندە سەربازییانەی لایەنگری هێرشکردنن، لە گفتوگۆ و کۆبوونەوە تایبەتەکاندا نیگەرانی قووڵی خۆیان دەردەبڕن لەوەی کە بێدەنگی و نەگرتنەبەری هەڵوێستێکی سەربازیی توندتر لەلایەن واشنتنەوە، وەک "خیانەت" لە هاوپەیمانێکی گرنگی ناوچەکە سەیر دەکرێت.

​لە بەرامبەردا، تۆڕی "ئێن بی سی" ڕوونی کردووەتەوە کە بەرەی دووەمی فەرماندە سەربازییەکان لە ناو پێنتاگۆن و لەبەردەم بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، دیدگایەکی تەواو جیاوازیان هەیە. ئەم بەرەیە هۆشداری دەدەن لەوەی کە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ لە ناوچەکەدا بیرۆکەیەکی هەڵەیە. هۆکاری سەرەکی ئەم ڕەتکردنەوەیەش بۆ ئەو مەترسییانە دەگەڕێتەوە کە پەیوەستن بە کەمبوونەوەی یەدەگی چەکی بەرگری و جابەخانەی چەکی مەودا دوور لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا، کە وایان لێدەکات بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ فراوانبوونی ململانێکان بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×