هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە مانگرتنی پێنجوێن هێنا و دەیان کەس دەستبەسەر کران
  2026-09-22       41       

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکان لەرێگەی بەکارهێنانی هێزەوە بڵاوەیان بەو گردبوونەوەیە کرد کە ماوەی سێ رۆژە لە قەزای پێنجوێن دژی بەرزیی نرخی کارەبا بەڕێوەدەچێت. لە ئەنجامی ئەم هەنگاوەشدا خێوەتی خۆپیشاندەران سووتێندرا و ژمارەیەک لە بەشداربووان دەستگیرکران.

ئاوێنە: ​بەپێی زانیارییەکان، ئەو هێزە ئەمنییەی پرۆسەکەی ئەنجامداوە لە دەرەوەی قەزاکە هێنراون و لە سێ قۆڵەوە (شەقامی سەیدسادق، باشماخ و ملەکەوە) گەمارۆی شوێنی خۆپیشاندانەکەیان داوە. دوای بڵاوەپێکردنی هاووڵاتییان و بردنی دەستگیرکراوەکان، بەشێک لەو هێزانە لە ناوچەکە و لە شوێنی خۆپیشاندانەکە جێگیر کراون و نەکشاونەتەوە.

​خۆپیشاندانەکەی پێنجوێن (کە دەکەوێتە ٩٦ کیلۆمەتری باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی)، لەسەر شەقامی ملەکەوە بەڕێوەدەچوو. لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، بە سەدان هاووڵاتی کە زۆرینەیان گەنج بوون، شەو و رۆژ بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لەرێگەی پێشکەشکردنی چالاکیی هونەرییەوە ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕی.

​بەختیار عەلی مستەفا، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتی بڵاوەپێکردنەکەدا هێزەکان تەقەیان کردووە و بەشێک لە بەشداربووان توانیویانە دەرباز ببن. بە وتەی ناوبراو، ناسنامەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام مۆبایلی نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ کەس لە بەشداربووان داخراوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان هەرکەسێک لە ناوچەکە بووبێت دەستگیریان کردووە، تەنانەت ئەو مێردمنداڵانەشیان بردووە کە وەک دەستگێڕ و فرۆشیار لەوێ بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە خۆپیشاندانەکەوە نەبووە.

​لە کاردانەوەی ئەم رووداوانەدا، "تۆڕی هاوپەیمانی ١٩" راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر خێوەتی خۆپیشاندەرانی کرد. تۆڕەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات روونکردنەوە لەسەر ئەو "پێشێلکارییانە" بدەن و دەستبەجێ دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن. لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە کە دەستووری عێراق و یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان، مافی گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی ئاشتییانەیان بۆ سەرجەم هاووڵاتییان زامن کردووە.

​جێی باسە تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، کە لە کۆمەڵێک رێکخراو و چالاکوانی مافی مرۆڤ پێکهاتووە و لەلایەن "سەنتەری میترۆ"وە سەرپەرشتی دەکرێت، کار بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەتایبەتیش داکۆکی لە بەندی ١٩ی جاڕنامەکە دەکات کە تایبەتە بە ئازادیی رادەربڕین.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×