ئەمریکا بۆ نۆیەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوام بوو لەهێرشکردنە سەر ئێران، هاوکات سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەڵامی دایەوە بە کردنە ئامانجی شوێن و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا، مقاوەمەی عێراقیش هەڕەشە لەئەمریکا دەکاتو کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتیش سەبارەت بەئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نیگەرانە.
ئاوێنە: نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا سیستمێکی ڕاداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمریکایان لەکوەیت "بەتەواوەتی" لەناوبردووە".
لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاند، دوو کەشتی نەوتهەڵگر لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی ڕێڕەوێکی باشووری "ناسەلامەت" لە گەرووی هورمز، تەقینەوە و سوپای ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە هانیان داوە بۆ بەکارهێنانی ئەو ڕێگایە.
جەختی لەوە کردەوە کە ڕێڕەوی ئاوەکە "تا ئەو کاتەی دەستدرێژیی ئەمریکا بەردەوام بێت" بە نائارامی دەمێنێتەوە، هۆشداریدا لەوەی کە گەرووەکە "سەلامەت نابێت بۆ تێپەڕبوونی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان یان تەنانەت یەک دڵۆپ نەوت و گاز" و داوای کرد کە سوپای ئەمریکا خۆی بۆ "ئۆپەراسیۆنی سزادان" ئامادە بکات.
لەبەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند کە سوپای ئەمریکا نۆیەمین خولی هێرشەکانی لەسەریەک لە دژی ئێران تەواو کردووە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، شوێنەکانی بەرگری ئاسمانی، دامەزراوەکانی چاودێری کەناراوەکان، توانا دەریاییەکان، شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها تۆڕەکانی پەیوەندییەکانی کردۆتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی هێرشە نوێیەکان لەناوبردنی توانای ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە هێڵەکانی کەشتیوانی گەرووی هورمز.
لای خۆیەوە، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، هەواڵی بیستنی تەقینەوەکانی لە شارەکانی تەبرێز، چابەهار، کۆنارک، بەندەر مەحشار و بەندەر ئیمام خومەینی، لە ئەنجامی لێدانەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا "هێرشی زۆر بەهێز"ی لە دژی ئێران ئەنجامداوە، جەختیشیکردەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە ئامانجی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئێران بەردەوام دەبن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە واشنتۆن ڕێگە نادات ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت و ئاماژەی بەوەشکرد تاران هێشتا خاوەنی ژمارەیەکی سنوورداری مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە و ئەوەی لە توانا سەربازییەکانی دەمێنێتەوە "کۆتایی دێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی ئەم دواییە "بۆ ڕێزگرتن لەو سەربازە ئەمریکییانە بووە کە کوژراون"، دڵتەنگی خۆی بە گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە کارمەندانی سەربازی ئەمریکی لە کاتی پێکدادانەکاندا دەربڕی.
سوپای ئەمەریکا لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو یەکێک لەسەربازەکانی لەهەرێمی کوردستان لەکاتی تەقاندنەوەی تەقەمەنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئێران کە پێشتر خراوەتە خوارەوە، کوژرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوودا کوژرانی دوو سەرباز لە ئوردن ڕاگەیاندبوو.
بەگوێرەی داتاکانی ئەمریکا، کۆی گشتیی کوژراوانی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە بۆ ١٧ سەرباز بەرزبووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ٤٢٠ سەرباز بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە، "مقاوەمەی ئیسلامی" لەعێراق ڕەتیکردەوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ جۆرە هێرشێکی دژ بە بنکە یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجام دابێت و لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە "ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە فراوانکردنی دەستدرێژییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی، ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی دژ بە دوژمنی ئەمریکا دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بە هێز و ئیرادەیەکی تەواوەوە" هەموو بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەکاتە ئامانج ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەکە فراوانتر بێت، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی بنکە ئەمریکییەکان ئەنجام نەداوە.
داتاکانی گروپی بۆرسەی لەندەن دەریانخستووە، دوێنێ ژمارەی ئەو کەشتیانەی لە گەرووی هورمز دەپەڕنەوە، بۆ چوار کەشتی دابەزیوە، لە کاتێکدا ڕۆژی پێشوو هەشت کەشتییان هەبووە، لەکاتێکدا سێ تانکەری بەرهەمی نەوت و کەشتییەکی زەبەلاحی نەوتی خاو لە ڕۆژی هەینیەوە چوونەتە ناو گەرووی هورمزەوە بۆ بارکردنی نەوت.
لە ڕۆژی پێنجشەممەوە هیچ هاتوچۆیەکی تانکەری غازی سروشتی شل (LNG) لە ڕێگەی گەرووەکەوە تۆمار نەکراوە، لەکاتێکدا داتاکان دەریانخستووە کە هەفتەی ڕابردوو تەنها یەک باری LNG ناوچەی کەنداوی بەجێهێشتووە.
هاوکات نرخی نەوت بەڕێژەی نزیکەی 3% بازدانی بەخۆیەوە بینیوە، لەدوای 11ی حوزەیرانەوە بۆ یەکەمجار نرخی نەوتی خاوی برێنت 90 دۆلاری تێپەڕاندووە، هاوکات نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی مامناوەند بۆ 84 دۆلار و 68 سەنت بەرزبووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی فراوانتر دەبێت و کەشتیوانی وزە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە پەکخراوە.