لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان، حوسێن ئەسعەد، شارەزای بوارى ئەمنی، ڕایگەیاند کە پەرەسەندنی کردەوەکانی قاچاخچێتیی چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەکەدا، ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنێکی بەرچاوە لە شێوازی کارکردنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بۆ بەزاندنى سنوورەکان، و هۆشداریشی دا لەوەی کە ئەم تۆڕانە بۆ تێپەڕاندنی ڕێکارە ئەمنییەکان پشتیان بە هۆکاری ڕێکخراوتر و بەهێزتر بەستووە.
ئاوێنە: ئەسعەد ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و ئاڵۆزی و تێکەڵاویی سنوورەکانییەوە، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەریی قاچاخچێتى لەسەرە. سەبارەت بە ڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکانیش، ڕوونی کردەوە کە ئەوان خاوەنی ئەزموون و توانای هەواڵگریی باشن، کە ئەمەش هاوکار بووە لە شکستهێنان بە چەندین هەوڵی قاچاخچێتی، بەڵام سروشتی مەترسییەکە بە بەردەوامی لە گەشەکردندایە و ئەوەش پێویستی بە نوێکردنەوەی بەردەوامی ئامرازەکانی چاودێری و بەهێزکردنی کاری هەواڵگری.
لای خۆیەوە، ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە تۆڕەکانی قاچاخچێتی ئیتر پشت بە ڕێڕەوی جێگیر نابەستن، بەڵکو پەنا دەبەنە بەر ڕێگای وشکانیی سەخت و دەروازەی جیاواز، سەرەڕای هێنانی پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە شێوازی پارچەپارچەکراو بۆ ئەوەی لە کاتی پشکنیندا ئاشکرا نەبن، ئەمەش ئاڵۆزیی پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەیان زیاتر دەکات.
سەبارەت بە چارەسەرەکان، ئەسعەد جەختی کردەوە کە هاوکاریی هەرێمایەتی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە ئاستێکی بەرزتر لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و هەماهەنگیی مەیدانی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە، چونکە ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕە سنوربەزێنەکان بە هیچ شێوەیەک بە ڕێکاری تاکەکەسی سەرکەوتوو نابێت و پێویستی بە هەوڵێکی بەکۆمەڵ هەیە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەم شارەزایە ئەمنییە هۆشداری دا لە مەترسیدارترین سیناریۆکان کە خۆیان لە گەیشتنی چەکی پێشکەوتوو یان تەکنەلۆژیای تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ دەستی لایەنی نافەرمی دەبیننەوە، کە دەکرێت کاریگەریی نەرێنیی گەورە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری دروست بکات. بۆیە دووپاتی کردەوە کە هەواڵگریی پێشوەختە، هەماهەنگیی هەرێمایەتی، و گەشەپێدانی سیستمەکانی ئاسایشی سنوور، وەک کۆڵەکەی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە مەترسییانە دەمێننەوە.
جێگەى ئاماژەیە، لە ساڵانی دواییدا ناوچەکە شاهیدی هەڵکشانێک بووە لە هەوڵەکانی قاچاخچێتیی چەک و کەلوپەلی سەربازی، لەنێویاندا پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ڕێگەی تۆڕە سنووربەزێنەکانەوە کە کەڵک لە ڕێگا نافەرمییەکان وەردەگرن و بەردەوام شێوازەکانیان بۆ خۆدزینەوە لە چاودێریی ئەمنی دەگۆڕن؛ وەک لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بینرا، چەند جارێک هەوڵی ناردنی چەک لە عێراقەوە بۆ گرووپە چەکدارەکان درا، بەڵام لە وڵاتی سووریا دەستی بەسەردا گیرا.