ئیسرائیل باڵەخانەیەكی لە دیمەشق بۆردومان كرد
  2024-01-20       379       

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل لەڕێگەی موشەكەوە بۆردومانی باڵەخانەیەكی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا كردو كوژراو و برینداری لێكەوتەوە. بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، لە بۆردومانەكەدا بەرپرسێكی سوپای پاسدارانی ئێران كوژراوەو ژمارەیەكی دیكەش برینداربون.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز، لەزاری سەرچاوەیەك لە پشتیوانانی حكومەتەكەی بەشار ئەسەدەوە، بڵاویكردۆتەوە، ئەو باڵەخانەیەی كراوەتە ئامانجی هێرشە موشەكییەكەی ئیسرائیل لە چەند نهۆمێك پێكدێت و لەلایەن راوێژكارە سەربازییە ئێرانییەكانەوە بەكاردەهێنرێت و باڵەخانەكە بەتەواوەتی تەختی زەوی بوە.

سەرچاوەكە وتوشیەتی، لە بۆردومانەكەدا بەرپرسێكی سوپای پاسداران كوژراوەو ژمارەیەكی دیكەش برینداربون.

هاوكات روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە بۆردومانی باڵەخانەكەدا 5 كەس كوژراون بەڵام نازانرێت سەربە سوپای پاسدارانن یاخود سەربە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستینین.

لەپاش ئەو هەواڵانە وتەبێژی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی بە رۆیتەرزی وتوە، هیچ ئەندامێكی ئەوان لەو بۆردومانەدا بەرنەكەوتوە.

عیسام ئەمین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی "مواسات" لە دیمەشق، بە پێگەی "وەتەن"ی سوری وتوە، لەدوای بۆردومانەكە، تەرمێك و سێ بریندار كە یەكێكیان ژنە، گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكەیان.

ئەو باڵەخانەیەی بۆردومان كراوە دەكەوێتە گەڕەكی "حەی مەزە" لە رۆژئاوای دیمەشقی پایتەخت، روانگەی سوری وتویەتی، گەڕەكەكە بە گەڕەكێكی ئەمنی ناسراوەو بەشێك لە فەرماندەكانی سوپای پاسداران و سەركردە فەلەستینییەكانی نزیك لە ئێران لەو گەڕەكە نیشتەجێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×