خۆپیشاندەرێکی دیکەى سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی لە ئێران لە سێدارە درا
  2024-01-23       392       

یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران لە سێدارە درا، بەم پێیەش تائێستا نۆ خۆپیشاندەری ئەو سەرهەڵدانە سزای لە سێدارە دانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

ئاوێنه‌: ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارە دانی محەممەد قوبادلو یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکەی ساڵی ٢٠٢٢ لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکراوە.

ڕاشیگەیاندووە، قوبادلو بە تۆمەتی ئەوەی بە ئۆتۆمبێل کارمەندێکی پۆلیسی کوشتووە و پێنج پۆلیسی دیکەی بریندارکردووە، سزای لەسێدارە دانی بەسەردا سەپێندراوە و سزاکە لە دیوانی باڵا پشتڕاست کرابووەوە.

ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری محەممەد قوبادلو ڕایگەیاند، لەسێدارە دانی موەکیلەکەی نایاساییە، بەوپێیە لەم قۆناغەدا مافی تێهەڵچوونەوەی هەبووە.

بە وتەی بنەماڵەکەی و بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی پزیشکی، محەممەد قوبادلو نەخۆشی دەرونی هەبووە و ماوەیەکیش لە ژێر چارەسەری دەرونیدا بووە، بەڵام دادگا هەموو ئەو بەڵگانەی پشتگوێ خستووە و سزای لەسێدارە دانی بە سەردا سەپاندووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ـی کانوونی دووەم پارێزەر و بنەماڵەی قوبادلو لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکە ئاگادار کرابوونەوە، دوابەدوای ئەوەش چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ هەوڵەکانییان چڕکردبووەوە بۆ ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتى بە چەند کاتژمێرێک بەر لە لەسێدارە دانی ئەو خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوە و ڕایگەیاندبوو، ” قوبادلو کە نەخۆشی دەرونی هەبووە لە میانی خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستگیر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کراوە”.

لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ناسراون و سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان گرتەوە، زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژران و بە هەزاران کەسی دیکەش دەستبەسەر کران، کە ژمارەیەکییان سزای قورسی زیندان و لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

پێشتر هەشت خۆپیشاندەری دیکە لە سێدارە درابوون و مەترسی لەسێدارەدانی بەشێکی دیکە لە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان لە ئارادایە.

لەدوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ١٦ـی ئەیلولی ٢٠٢٢ـەوە، ڕێژەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارە دان لە ئێران زیادی کردووە و لەو ساڵەدا ٥٨٢ کەس و لە ساڵی ٢٠٢٣شدا زیاتر لە ٧٠٠ کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون.

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی ٢٢ ڕۆژی سەرەتای ئەمساڵ لانیکەم ٤٩ کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×