کۆشکی سپی: ئەمریکا هیچ پلانێکی نییە بۆ کشانەوەى هێزەکانی لە سووریا
  2024-01-25       337       

هەریەکە لە کۆشکی سپی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە ڕەتیانکردەوە هێزەکانیان لە سووریا بکشێننەوە و جەختیان کردەوە هیچ پلانێک لە ئارادا نییە بۆ کشانەوەى هێزەکانیان لەو وڵاتەدا.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەچەند میدیایەکی جیهانی و عەرەبیدا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەمریکا لەمساڵدا هێزە سەربازییەکانى لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکشێنێتەوە، لەسەر ئەو هەواڵە کۆشکی سپی و وەزارەتى بەرگری ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەى ڕەتکردەوە.

ئەمرۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە: ئیدارەی جۆ بایدن بیری لەوە نەکردووەتەوە ھێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە و هیچ پلانێکی لەو جۆرەى نییە.

ئاماژەى بەوەش کردووە، پلانی ئیدارەى بایدن لەئێستادا ئەوەیە ھێزەکانیان لە سووریا بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێننەوە.

هەر لەسەر هەواڵی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتى بەرگری ئەمریکا(پنتاگۆن) ڕەتیکردوەتەوە کە ئەمریکا هێزەکانى خۆی لە سووریا بەم زووانە بکشێنێتەوە.

ئەم جەختکردنەوەیەى ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە لە عێراق و سووریا و دەریای سوور بەبەردەوامی لەلایەن گروپە چەکدارە شیعەکانى نزیک لە ئێران هێرش دەکرێتە سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا و کەشتییەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای سوور.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×