ئەمریكا: وەڵامی هێرشەكان بۆسەر هێزەکانمان دەدەینەوە
  2024-01-29       348       

وەزیری بەرگری ئەمریكا نیگەرانی‌ و توڕەیی خۆی‌ لە كوژرانیی‌ سێ‌ سەربازی‌ ئەمریكیی‌ لە ئەنجامی‌ی هێرشكردنە سەر بنكەیەكی‌ سەربازییان لە ئوردن دەربڕی‌ و ڕایگەیاند، لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە.

لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا لە بارەی هێرشی سەر بنكەیەكی سەربازییان لە ئوردن و كوژرانی چەند سەبازێكیان و بریندار بوونی ژمارەیەك سەربازی دیكە ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بەڵێن دەدەین وەڵامی ئەو هێرشە بدەینەوە، كە بووە هۆی كوژرانی سێ  سەرباز و برینداربوونی ٣٠ی دیكە لە سنووری سووریا و ئوردن.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتییان دەكات، بەرپرسن لە هێرشە بەردەوامەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا، ئێمەش لەكات و شوێنی گونجاودا وەڵامی هێرشەكەی سەر هێزەكانمان لە ئوردن دەدەینەوە.

لای‌ خۆیەوە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەم هێرشە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە سووریا و عێراق ئەنجامدراوە، هەموو ئەو كەس و لایەنانە سزا دەدەین، كە هێزەكانمان دەكەنە ئامانج و لە كات و ساتی گونجاودا وەڵامیان دەدەینەوە.

شەوی ڕابردوو لە سنووری نێوان ئوردن و سووریا لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە هێرش كرایە سەر بنكەیەكی هێزەكانی ئەمریكا، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٠ سەرباز بوونە قوربانی، بەپێی ئامارەكانی پنتاگۆن، دوو هەزار و ٩٠٠ سەربازی ئەمریكی لە بنكە سەربازییەكانی ئوردندا هەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×