وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو شازادەی جێنشینی سعوودیە لەبارەی ‌غەزەوە کۆبوونەوە
  2024-02-06       234       

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبوونەوە و لەبارەى غەزە و ئاگربەست گفتووگۆیان کردوە.

شەوی ڕابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە سعودیە کە یەکەم وێستگەی گەشتە نوێیەکەی بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان  ڕایگەیاند: بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆی دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا بۆ ڕێگریکردن لەفراوانبوونی گرژییەکان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەى کۆبوونەوە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد، هەردوولا جەختیان لە پێویستی بە پەلەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە کردووە، لەوانەش وەستاندنی هێرشەکانی حوسییەکان و ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

پێش سەردانەکە بۆ سعودیە، بلینکن جەختی لەسەر پێویستی “بەپەلە وەڵامدانەوەی پێداویستییە مرۆییەکان لە “غەزە” کردەوە، دوای ئەوەی گروپە فریاگوزاریەکان چەندین جار زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لەبارەی کاردانەوەی وێرانکەری شەڕەکە لێدا کە لە مانگی پێنجەمی خۆی نزیک دەبێتەوە، لەسەر کەرتی گەمارۆدراو.

میدیاکانى سعودیە بڵاویانکردەوە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئەمریکا و سعودییە پێداچوونەوەیان بە لایەنەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاسۆی هاریکاری هاوبەش کردووە، ئەمە جگە لەوەی باسیان لە پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە کردووە و ئەو هەوڵانەی بەرامبەریان دراوە بەمەبەستی گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری.

بڕیارە بلینکن لە سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە پێشنیاری ئاگربەست تاوتوێ بکات بۆ شەڕی نێوان بزووتنەوەی (حەماس) و ئیسرائیل لە کەرتی غەزە، کە لە میانی کۆبوونەوەیەکی باڵای (ئەمریکی، ئیسرائیل، میسری و قەتەری) دا کە لەمانگی ڕابردوو گفتوگۆی لەسەرکرا.

گەشتەکەی وەزیری دەرەوەى ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تا ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و سەردانى هەریەکە لە قەتەر و میسر و ئیسرائیل و کەناری ڕۆژئاواش دەکات، ئەمەش جاری پێنجەمە بلینکن لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەزە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەردانی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×