زیاد جەبار: یەکێتی پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکات
  2024-02-21       616       


زیاد جەبار رایگەیاند، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشوازی لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی پەرلەماندا هەوڵماندا یاسای هەڵبژاردن هەموار بکەینەوە، بەڵام نەتوانرا.

باسی لەوەش کرد، یەکێک لە ماددە گرنگەکان کە دادگای فیدڕاڵی یەکلایکردەوە، پەیوەستە بەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم دەکات و داتاکانی عێراق بەکاردەهێندرێت.

وتیشی:" دادگا بڕیاریدا بە پەیڕەوکردنی سیستەمی فرەبازنەیی، کە ئەوە دادپەروەرییە، لە سیستەمی یەک بازنەییدا بە ئەزموون دەرکەوت کە شارەکان ناتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمان".

زیاد جەبار راشیگەیاند، لای یەکێتی و هێزە سیاسییەکان، پێکهاتەکان پێگەی گرنگی خۆیان هەبووە، ئێستاش کە دادگای فیدڕاڵی کورسی کۆتاکانی نەهێشتووە، دەبێت پێکهاتەکان لە رێگەی حیزبە سیاسییەکانیانەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و نوێنەری خۆیان هەبێت و نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەکان بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تێبینیمان هەبووە و بە بڕوای ئێمە کەموکوڕی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەبوو، بۆیە سکاڵامان کرد، هیواداریشین لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا بتوانین یاسایەکی پتەوتر دابڕێژین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×