دوای هەشت سەعات کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەی تورکیا توانیان تەرمەکان بگەڕێننەوە گوندەکانی دینارتە
  2024-02-21       655       

كەسوكاری قوربانیانی بۆردومانەكەی دوێنێی سنوری ناحیەی دینارتە دەڵێن، دوای هەشت کاتژمێر لە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، توانرا تەرمی دو هاوڵاتییە مەدەنییەکە بگەڕێننەوە بۆ سنوری ناحیەی دینارتە.

ئاوێنە: سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، ئێوارەی دوێنی سێشەممە، کاتژمێر 6:45 خولەک، چەند هاوڵاتیەکی دانیشتوی گوندەکانی گربیشێ و دودیێنی سەر بە ناحیەکە، بەمەبەستی کاروباری باخداری و جوتیاری چونەتە سنوری گوندی کافیا، کە گوندێکی چۆڵە، لەو کاتەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردومانیان کردوە و بەو هۆیەوە دوانیان دەست بەجێ گیان لە دەست داوە.

سەربەست سەبری ڕاشیگەیاند،" 20 گوندمان لە سنورەکە ساڵانێکی زۆرە چۆڵە، بەهۆی مەترسی بۆردومانکردنیان، بۆیە داوا دەکەین حکومەتی عێراق و تورکیا بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بە بۆردومان بهێنرێت، چونکە ناکرێت ژیانی هاوڵاتیان بە چونیان بەمەبەستی کاری باخداری بکەوێتە مەترسیەوە."

هەردو کوژراوەکەی بۆردومانەکە، عارف تەهای تەمەن 61 ساڵ و بەشیر عومەری تەمەن 68 ساڵ، پێشمەرگەی خانەنشینن و خێزاندارن و خزم و کەسوکاری یەکن.

بەهجەت ڕەمەزان خزمێکی کوژراوەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت،" هەردو کوژراوەکە خاڵ و ئامۆزایی منن، بەمەبەستی دەرمان ڕشتن و پاککردنەوەی دار ترشەکانیان ڕۆشتبونە ئەوی، بەڵام بۆردومانکران، ئەمە یەکەمجار نییە و ساڵی 2019 ش بە هەمان شێوەی بۆردومانی هاوڵاتی کرا و بەو هۆیەوە یەکێکی تر گیانی لە دەستدا و دوانی دیکە برینداربون."

ئەو هاوڵاتیە وتیشی "دوای ڕوداوەکە پێنج کاتژمێر بە پێ ڕۆشتین بە ترس و لەرزەوە، چونکە فڕۆکە بەردەوام دەسوڕێتەوە، تەرمەکان کاتژمیر 3 و نیوی شەو هێناومانەوە بۆ گوندەکەمان و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەخاکیانمان سپارد، بۆیە ئێمە چیدیکە ناتوانین کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەین لە ترسی بونی پەکەکە و بۆردومانی تورکیا."

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی CPT ئەمەریکی کە چاودێری بۆردومانەکان دەکات، لە ساڵی 2023، تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردوە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە بوە کە ژمارەیان 1159 هێرش بوە، هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوە، ئەوانی دیکەی بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بوە.

بەرپرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت " بە پێی ئەو بە دواداچونانەی کە کردومانە دەرکەوتوە، ئەو هاوڵاتیانە ژمارەیان چوار کەس بونە و خزم و کەسوکاری یەکن، بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی کافیان، کافیاش دەکەوێتە سنوری ناحیەی دینارتە، ڕۆشتون تا لە سەر چیای سیارک، سماق واتا ترشەکانیان پاکبکەنەوە، لەو کاتەدا بۆردومانکراون و لە ئەنجامدا دوانیان دەست بەجێ گیانیان لە دەستداوە."

کامەران عوسمان بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی بەدەنگی ئەمەریکای وت،" دوای بۆردومانەکە جوڵەی سەربازی هێزەکانی پاسەوانی سنور هەبو لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەوەی باس دەکرێت عێراق نیازی هەیە، چەند بنکە و بارەگایەکی سەربازی لە نێروەڕێکان دابنێت، کە لە 92 گوند پێکهاتوە و بە هۆی بۆردومانەکانەوە 82 گوندیان بە یەکجاری لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەە چۆڵکراون."

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی کە ڕێکخراوێکی بواری مافەکانی مرۆڤە و کار لەسەر بە دۆکیۆمێنتکردن و بە داتاکردنی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەی خستە ڕو پشکی شێر لە بۆردمانەکان بەر پارێزگای هەولێر کەوتوە، چونکە لە کۆی 1649 بۆردومانی خاکی کوردستان، 575 بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سنوری هەولێر بوە، لە دوای ئەوەش پارێزگای دهۆک بە پلەی دوەم کە 517 جار بۆردومانکراوە و سلێمانیش 420 جار هێرشیکراوەتە سەر و دواتر پارێزگای نەینەوا بە دیاریکراوی شەنگال و گوندی خازلیەش 36 جار بۆردومانکراوە.

کامەران عوسمان وتیشی"لە ئەنجامی بۆردومانەکان لە ساڵی 2023، 11 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و 13 دیکەش برینداربونە و 161گوندی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەمان ساڵ بەتەواوی چۆڵکراوە بە هۆی مەترسی بۆردومانەوە و زیاد لە 600 گوندی دیکەش مەترسی چۆڵبونیان لەسەرە، چونکە گیانی گوندنشیان بە هیچ شێوەیەک سەلامەت نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×