لە ماوەی 30 ڕۆژی ڕابردودا ئێران سزای له‌سێداره‌دانی 10 زیندانی کورد جێبه‌جێكردوە
  2024-02-22       264       

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان رایگه‌یاند، لە ماوەی 30 ڕۆژی ڕابردودا لەلایەن  دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای له‌سێداره‌دانی 10 زیندانی کورد جێبه‌جێكراوه‌.

ئاوێنە: تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان له‌ راپۆرتی مانگانه‌یدا په‌یوه‌ست به‌ دۆخی زیندانیانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، رایگه‌یاند، "لە 20ی مانگی 1ی 2024 تا 20ی 2ی 2024 لانیکەم 10 زیندانی کورد لە زیندانەکانی قزڵحەساری کەرەج، زیندانی ناوەندیی کەرەج و هەمەدان بە تۆمەتە سیاسییەکانی وەک سیخوڕیکردن و گەندەڵی لەسەر زەوی/افساد فی الأرض یان تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە لەسێدارەدراون"

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە لە سێدارەدانی فەرهاد سەلیمی، زیندانی ئایینی کورد دەکات کە پاش 14 ساڵ زیندانیکردنی لە 23ی مانگی 1ی ئەمساڵ لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لە سێدارە درا.

ئاماژە بەوەشکراوە، فەرهاد سەلیمی دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا لەگەڵ شەش هاوڵاتیی دیکەی کوردی سوننە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی " گەندەڵی لەسەر زەوی/ افساد فی الأرض" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابو.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەبارەی لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی، موحسین مەزلوم، محەمەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربەر، ئەندامانی حیزبی کۆمەڵی کوردستانی ئێران کە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" لە 29ی مانگی 1ی 2024 لە زیندانی قزڵحەسار لە کەرەج لەسێدارەدران، دەڵێت، "ئەو چوار زیندانییە سیاسییە لەو کاتەوە لە مانگی 7ی ساڵی 2022 دەستگیرکران، تاوەکو ڕۆژێک پێش جێبەجێکردنی سزاکەیان، مافی بینینی خێزانەکانیان لێ زەوتکرابوو".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو چوار زیندانییە سیاسییەدا، ڕێگە بە پارێزەرەکەیان نەدراوە لەگەڵیان کۆببێتەوە یان لە دادگاییکردنەکەیاندا ئامادە بێت و تەنانەت پارێزەرەکەیان مافی دەستڕاگەیشتنی بە زانیارییەکانی دۆسیەکەیان نەبوە".

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، لە ماوەی 30 رۆژی ڕابردودا لانیکەم 12 هاوڵاتی مەدەنی و چالاکوانی کورد لە پارێزگاکانی تاران، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ئیلام سزای لەسێدارەدان، زیندانیکردن، قامچی لێدان و غەرامەیان بەسەردا سەپێنراوە.
 
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ناوی چەند لەو زیندانیانە دەکات کە ڕوبەڕوی تۆمەتی قورسی سیاسی بونەتەوە، لەوانە یوسف ئەحمەدی زیندانی سیاسی کورد کە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و "بەشداری لە کوشتنی دو ئەندامی سوپای پاسداران" سزای لەسێدارەدانەکەی لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کراوە.

هاوکات مامۆستا محەمەد خزرنەژاد، مامۆستاییەکی ئایینی کوردی سوننە کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا لە بوکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری ورمێ بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی"، "زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

راپۆرتەکە هەروەها دەڵێت، دو ژنی چالاکوانی کورد بە ناوەکانی وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) و پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد کە لە 6 مانگ لەمەوبەرەوە دەستبەسەرکراون، لە دو دۆسیەی جیادا بە "بەغی" تۆمەتبار کراون، تۆمەتێک کە نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری دەرکردنی سزای قورسی لەسێداردان بۆ ئەو زیندانیانە دروستکردوە.
  
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکە، لانیکەم 54 هاوڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوان کە تا ئێستاش چارەنوسی زۆرینەیان نادیارە.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە بۆ کۆڵبەران تەرخانکراوە، تیایدا هاتوە، لە ماوەی سی ڕۆژی ڕابردودا چوار کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنور کوژراون و لانیکەم 38 کۆڵبەریش لە ئەنجامی لێدان و تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان بە قورسی بریندار بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×