مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پرسی موچەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دوای خوێندنەوەی "ورد" بۆ بڕیارەكان، هەڵوێستی خۆمان بەشێوەیەكی رەسمی روندەكەینەوە.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی رەوایەتی بڕیارەكانی دوێنێی دادگای فیدراڵی وتی"هەر شتێك پێچەوانەی دەستور و پێچەوانەی مافە دەستورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت رەوا نییە. ئێمە بەوردی خوێندنەوە دەكەین بۆ ئەو بڕیارانەی بەناوی دادگای فیدراڵییەوە دراون. دواتر هەڵوێستی خۆمان بەشێوەیەكی رەسمی روندەكەینەوە. "
ئەوەشی خستەڕو"ئێمە دەبێت خوێندنەوەیەكی وردو بابەتیانە بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بكەین بۆ ئەوەی بزانین بەچ شێوازێكن، با بەشێوەیەكی رەسمی و نوسراو بڕیارەكانمان پێ بگات، ئەو كاتە ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین. بەڵام بێگومان هەر شتێك دژی مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان بێت و پێچەوانەی مافی خەڵكی كوردستان بێت، ئێمە ئەو كاتە بەڕونی هەڵوێستی خۆمان دیاری دەكەین."
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش مەسرور بارزانی وتی"ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە دەبوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرایە، دو ساڵە بە هۆكاری سیاسی هەڵبژاردنەكە دواخراوە. ئێمە پێمانوایە تاوەكو زوتر هەڵبژاردن بكرێت بەجۆرێك كە مافی هەمو پێكهاتەكان و هەمو خەڵكی كوردستان تێیدا جێگیر ببێت، ئێمە لەگەڵ ئەو بۆچونەین."