پێشەوا هەورامانی باس لە هۆكاری دواكەوتنی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە دەكات
  2024-02-22       471       

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت، پێشتر چەند جارێک لەلایەن سەرۆک وەزیران پلانی چونە هەڵەبجە دادەنرا، بەڵام "هەر جارەو بە هۆکارێک شتێک دروستدەبو یان دروستدەکرا سەردانەکە دوادەکەوت."

ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لەبارەی سەردانەكەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمەوە بۆ هەڵەبجە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك پەیامێكی بڵاوكردۆتەوە.

پێشەوا هەورامانی وتویەتی"من لەنزیکەوە ئاگادارم چەند جارێک بو لەلایەن جەنابی سەرۆک وەزیران پلانی چونە هەڵەبجە دادەنرا، بەڵام هەرجارەو بەهۆکارێک شتێک دروستدەبو یان دروستدەکرا سەردانەکە دوادەکەوت."

وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی، مەسرور بارزانی لە سەردانەكەی ئەمڕۆیدا "لەهەمو بوارەکان فەرمانیکرد هەڵەبجە تایبەتمەندی پێبدرێت و دەبێت ئەم شارە ببوژێتەوە بەو جۆرەی کە دەبو بۆی بکرێت کە زۆر لەمێژە دەبو بکرایە."

بەقسەی پێشەوا هەورامانی بە فەرمانی مەسرور بارزانی "هەمو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشتیاری و کشتوکاڵ لەهەڵەبجە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و ڕێنمایی و مەرجی قورس لەسەر ئەم پارێزگایە دەبێت هەڵبگیرێن و بازرگان و سەرمایەدارانی هاندا کە بێنە هەڵەبجە بۆ کارکردن و  حکومەت ڕێگایان بۆ ئاساندەکات هەتا خزمەت بکەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە داهاتی دەروازە سنورییەکان دەبێت پارەیەک بۆ پارێزگاکە تەرخانبکرێت، شەقامەکان دەبێت کارییان تێدا بکرێت و چاکبکرێن، دەبێت کۆلێژی پزیشکی دامەزرێت و 500 کەس دابمەزرێندرێن لە هەڵەبجە، ماستەر پلانی هەڵەبجە کاری لەسەر دەکرێت و کەرتی تەندروستی و کۆمەڵێک بواری دیکە کارییان لەسەر دەکرێت کە پێویستن بۆ شارەکەو ڕێککارەکانی بەقەزابونی خورماڵیش خێرا دەکرێن."

هەروەها پێشەوا هەورامانی وتوشیەتی"بۆ هەمو ئەو داواکارییانەی ئەمڕۆو یاداشتە نۆ خاڵییەکەی پارێزگای هەڵەبجە لێژنەیەکی تایبەت لەهەولێرەوە دێنە هەڵەبجەو نوسینگەی سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی جێبەجێکردنی خاڵەکان دەکات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×