وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن رایگەیاند، دانوستانەکانی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بە بڕیارێکی سیاسی دەستی پێکردوە، ئەگەر هێزی هاوپەیمانانیش عێراق بەجێبهێڵن هاوپەیمانی ناتۆ دەمێنێتەوە چونکە ئەوان تەنها راوێژکاری سەربازین و پەیوەندییان بە راهێنان یاخود ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە نییە.
ئاوێنە: فوئاد حسێن، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی "زە ناشیۆناڵ"ی ئەمریکی راگەیاند، کاتی ئەوە هاتوە هەڵسەنگادنن بۆ بونی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش دانوستانەکان دەستی پێکردوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری کۆتایی عێراق لەبارەی هێزە ئەمریکییەکان بڕیارێکی سیاسییە، قورس لە ئێستادا بوترێت کە رێکخراوی داعش هەڕەشە لەسەر عێراق دروست ناکات، هەر لەبەر ئەوەش دانوستان لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان دەکەن.
ئەوەشی خستەڕو، هێزی هاوپەیمانان لەلایەن ئەمریکاوە فەرماندەیی دەکرێت، ئەگەر ئەمریکییەکانیش عێراق جێبهێلن، ئەوا هێزەکانی دیکەش دەڕۆن، سەرەڕای ئەوەش گرنگییەکی زۆر دەدرێت بە هێشتنەوەی هاوپەیمانی ناتۆ لە عێراق کە لە ساڵی 2018ەوە بونیان هەیە و ئەرکی ئەوان تەنها راوێژکارییە و دورە لە جەنگی و راهێنان.
باسی لەوەشکرد، هاوپەیمانی ناتۆ لە عێراق دەمێنێتەوە و ئەو دانوستانانەی ئێستا پەیوەندی بەو هاوپەیمانێتییەوە نییە، بەڵکو تەنها پەیوەندی بە هێزە ئەمریکییەکان و هێزی هاوپەیمانان هەیە.