2019-01-22   2754     
ئا: ئاوێنە
عەمید جەلال ئەمین بەگ، بەرێوەبەری بەرێوەبەرێتی مادە هۆشبەرەكانی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات لەكوردستان هەوڵی چاندنی ئەو روەكانە دەدرێت كە مادەی هۆشبەریان لێدروست دەكرێ، ئەو دەڵێت "بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لەكوردستان زیادیان كردوە".
عەمید جەلال بەئاوێنەی راگەیاند تەنها لەتەواوی هەرێمی كوردستان ژمارەی بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر زیادی كردوە، لەبارەی هۆكاری زیادبونی ژمارەی بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەرەوە بەئاوێنەی راگەیاند "هۆكاری سەرەكی ئەوەیە سنورمان وا بەسنوری وڵاتێكەوە كە كۆماری ئیسلامی ئێرانەو ئەو وڵاتەش هاوسنوری ئەفغانسانە، كە بەگەورەترین بەرهەمهێنەرو بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر لەجیهاندا دادەنرێن".
عەمید جەلال وتی "ئەو گەمارۆ ئابوریەی خراوەتە سەر ئێران كاریگەری هەبوە لەسەر چالاككردنی بازرگانی كردن بەماددە هۆشبەرەكانەوە، خەڵك پەلامار دەدات بۆ هێنانو ساغكردنەوەی مادە هۆشبەرەكانو بەدەسهێنانی دەسكەوتی دارایی زیاتر". عەمید جەلال ئاماژە بەوەش دەكات كە نزیك ترین شوێن بۆ ساغكردنەوەی مادەی هۆشبەر كوردستانو عێراقە.
ئەو پێیوایە لەهەر وڵاتو ناوچەیەك شەرِو كێشەو ئاڵۆزی هەبێت بەكارهێنەرانو بازرگانانی مادەی هۆشبەر وەك دەرفەتێك دەیقۆزنەوەو بڕەوی پێئەدەن، لەعێراقو كوردستانیشدا ئەوەی تێبینی كراوە ژمارەی بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان رو لەزیادبونن.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ژمارەی ئەو كەسانەی لەمساڵدا لەسەر بازرگانیكردن یان بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیركراون ژمارەیان چەندە، ناوبراو وتی "بە دیاریكراوی نازانم چەند كەسمان دەستگیركردوە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە ژمارەیەك كەسمان لەسەری دەستگیركردوەو هێزەكانیشمان چاوكراوەن بۆ دەستگیركردنی بازرگانانو بەكار هێنەرانی مادە هۆشبەرەكان".
عەمید جەلال باس لەوە دەكات چەندین جۆری مادەی هۆشبەر لەكوردستان بازرگانیان پێوە دەكرێو بەكاردەهێنرێن وەك "تریاكو شیشەو كریستاڵاو حەپی ترامادۆڵا، هێرۆیینو حەشیشو تلیاك"، ئەو وتی لەساڵی رابردرودا دەستمان گرتوە بەسەر ملیۆنەها حەپی هۆشبەردا، ئەو وتی "ئەم جۆرە حەپانە لەباشوری عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستانو لەهەرێمیشەوە بەرەو ئێران دەبرێت، كە لەوێ تێكەڵاوی مادەی هۆشبەری دیكە دەكرێتو شیشەو كریستاڵی لێدروستدەكرێت، بەشێكی لەناوخۆی ئێراندا بەكاردەهێنرێتو بەشێكی دیكەشی دەهێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان".
ناوبراو جەغتی لەوەش كرد كە ساڵی رابردو دەستیان بەسەر كێڵگەیەكی مادەی هۆشبەردا گرتوە لەناو هەرێمی كوردستاندا، ئەو وتی "ساڵی رابردو نزیكەی 250 كەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیر كراون، زۆربەیان گەنج بون، ژنیشیان تیابوە".
عەمید جەلال ئەوەشی رونكردەوە كە "ملیۆنەها دۆلار لەم بازرگانیەدا وەگەڕ خراوە، لەبەرئەوەی بازرگانیەكی زۆر گرانەو خەڵكێكی زۆر پێی دەوڵەمەند بون".