دەرباز كۆسرەت رەسول: پشتیوانی كاكە حەمە دەكەین و بە هاوپەیمانی سەرەكی خۆمانی دەزانین
  2024-03-09       244       

دەرباز كۆسرەت رەسول، لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند،‌ پشتیوانی كاكه‌ حه‌مه‌ ده‌كه‌ین و به‌هاوپه‌یمانی سەرەكی خۆمانی ده‌زانن. لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵێش بۆ لابردنی كورسی پێكهاتەكان، وتی،‌ له‌گه‌ڵ‌ لابردنی‌ كورسی‌ پێكهاتەكان نه‌بون به‌ڵكو له‌گه‌ڵ‌ دابه‌شكردنی‌ بون.

ئاوێنە: ئه‌مڕۆ شه‌ممه، وه‌فدێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان سه‌ردانی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستانیان لە گوڵەخانە كردو له‌لایه‌ن محه‌مه‌دی‌ حاجی‌ مه‌حمود سه‌رۆك و وەفدێكی حزبەكە پێشوازییان لێكرا و كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا.

لە دوای كۆبونه‌وه‌كه له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند:" له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هاوڕابوین كه‌ پارێزه‌ری قه‌واره‌ی هه‌رێم بین و شه‌رعییه‌ت بۆ ده‌زگا ده‌ستورییه‌كانمان بهێڵینه‌وه‌".

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی‌: "ده‌مانه‌وێت به‌ هه‌مو لایه‌كمان پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانمان بین، هاوكات پارێزگاری له‌ده‌زگا ره‌سمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمیش بكه‌ین، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا كه‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌ بارودۆخێكی ناهه‌مواردا تیده‌په‌ڕێت".

لای‌ خۆیه‌وه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كۆنگره‌كه‌دا رایگه‌یاند،  محەمەدی حاجی مەحمود بە سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دەناسین و وتشی"سوپاسی كاكە حەمەو هەڤاڵانی دەكەین بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە، دڵنیاشیان دەكەینەوە چۆن لە رابردو و لە رۆژە سەختەكان و هەڵوێستە جیاجیاكاندا كاكە حەمە بەردەوام پشتیوان و هاوكاری یەكێتی بوەو ئێمەش بە هەمان رۆحیەت لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانیان لێ دەكەین و بە هاوكارو هاوپەیمانێكی سەرەكی خۆمانیان دەزانین."

وتیشی"له‌دوای پێنجه‌مین كۆنگره‌ یه‌كێتی به‌ دروشمی ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ كوردستانێكی به‌هێز سه‌ردانی حزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ی كردوه‌ و سه‌ردانی ئه‌مجاره‌شمان بۆلای پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌".

راشیگه‌یاند:" له‌سه‌ردانه‌كه‌ماندا پشتیوانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانمان بۆ سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دوپاتكرده‌وه‌، هه‌موكات پارتی سۆسیالست-مان به‌ هاوپه‌یمانی خۆمان زانیوه‌".

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند:" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان هه‌نگاو ده‌نێین، به‌ڵام باوه‌ڕی ته‌واومان به‌ یه‌كڕیزی راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ و یه‌كێتی بڕیاریداوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداربێت، هاوكات له‌هه‌رشوێنێكیش پێویست بكات هاوپه‌یمانێتی ئه‌نجام ده‌ده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ كورسی پێكهاته‌كانیش‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئاشكرایكرد كه‌ " له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی كورسی پێكهاته‌كاندا بوین به‌سه‌ر بازنه‌كاندا، نه‌ك لابردنی سه‌رجه‌م كورسییه‌كانیان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×