کاردانەوەکان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ
  2024-05-17     

ئا: ئاوێنە

 

دەم پارتی بڕیارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی دادگای ئانقەرە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ بە نایاسایی ناودەبات كە تێیدا ژمارەیەک لە سەرکردەکان و ئەندامانی هەدەپە سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندراو جێگری سەرۆکی پارتی جەهەپەش دەڵێت، بڕیارەكەی دۆسیەی کۆبانێ نیشانی دا كە " تورکیا چەندە لە وڵاتێکی یاسایی دور کەوتوەتەوە."

 

 دەم پارتی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لە ساڵی 2014 کاتێک داعش خەریک بو شاری کۆبانێی داگیردەکرد "ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان و دیموکراسیانە لە سەرانسەری جیهاندا سەریهەڵدا، لەنێویاندا لە زۆرێک لە شارەکانی تورکیاش. لەم ناڕەزایەتیانەدا 47 هاوڵاتی مەدەنی کە 34 کەسیان ئەندام و لایەنگری هەدەپە بون، لەلایەن گروپەکانی لایەنگری داعشەوە کوژران، بەهاندانی هێزەکانی تورکیا."

دەم پارتی وتوشیەتی، سەرەڕای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا "حکومەتی ئێستا بەردەوام بو لە دەستپێکردنی دۆسیەیەکی دادگا دژی ئەندامانی هەدەپە، لەنێویاندا هاوسەرۆکەکانی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش."

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەندین جار دوپاتی کردوەتەوە دەبێت تورکیا دەستبەجێ سیاسەتمەداری دیاری کورد سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات و لەساڵی 2020 یشدا دادگاکە ڕایگەیاند، ڕەواییدان بە چوارساڵ زیندانیکردنی ناوبراو پەردەپۆشکردنی سنوردارکردنی پلۆرالیزم و گفتوگۆیە لەو وڵاتەدا.

دەم پارتی لە راگەیەندراوەكەیدا وتوشیەتی"تۆمەتباران هەمو ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە، بەڵام دادگا لەژێر کاریگەری سیاسی ڕوندا لە دادگاییکردنەکان بەردەوام بو."

دەم پارتی جەختی كردۆتەوە "دادگا بە ناڕەوا سزای زۆرێک لە سیاسەتمەدارەکانی هەدەپەی داوە لەسەر تۆمەتە بێ بنەماکان."

جگە لە دەم پارتی، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ش کاردانەوەی هەبو لەسەر سزاکان لە دۆسیەی کۆبانێدا.

جێگری سەرۆکی جەهەپە گۆخان گونایدن وتی، بڕیارەکانی دۆسیەی کۆبانێ ئەوە نیشان دەدات كە "تورکیا چەندە لە وڵاتێکی یاسایی دور کەوتوەتەوە."

هەروەها سەزگین تانرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە، بڕیارەکانی دۆسیەی کۆبانێی بە سیاسی نەک یاسایی ناوبردو وتی "مرۆڤ ناتوانێت بە پێوەرەکانی یاسا پاساو بۆ ئەم بڕیارانە بهێنێتەوە. ئەم دۆسیەیە لەسەر بنەمای ئەجێندای سیاسی دەستیپێکردو ئەنجامدرا، ئێستاش بەپێی ئەو پێداویستیانە ئەنجامەکانی ڕادەگەیەنرێت."

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش ئەو بڕیارەی شەرمەزار کرد.

ئیلهام ئەحمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "دادگای تورکیا بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی خۆی بڕیارێکی سیاسی دا، پێش هەمو شتێک، هاوسەرۆکانی پێشوی هەدەپە، فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەدارانی کورد و تورکیا سزای توند دران، ئێمە بەتوندی ئەو بڕیارە ئیدانە دەکەین و دەڵێین خەبات بۆ ئازادی بەربەست ناكرێت."

دانیشتەکەی دادگای تاوانە قورسەکانی ئانکەرە ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر ئەو خۆپیشاندان و چالاکییانەبو کە لە ڕۆژانی 6-8ی مانگی دەی ساڵی 2014 دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ کران. دوای هێرشەکانی داعش لەو کاتەدا هەدەپە و ژمارەیەک لە دەزگا و پارتە کوردەکانی دیکە لە تورکیا چالاکیان ئەنجامدا و داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد ڕێگەی ناردنی هاوکاری بدات بۆ شەڕڤانەکانی کە دژی داعش شەڕیان دەکرد، بەڵام داواکەیان ڕەتکرایەوە و ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیر کران.

دادگایی کردنەکان لەسەر دۆسیەی کۆبانێ تا مانگی چواری 2021 دەستیپێنەکرد و لەلایەن تۆمەتباران و پارێزەرانی بەرگرییەوە وەک دۆسیەیەکی سیاسی ڕەتکرایەوە.

 

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×