بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی ههرێمی كوردستان دهڵێت، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ دابهشكردنی موچهی موچهخۆرانی ههرێم لهڕێی بانكه فیدراڵییهكانی عێراقهوه، کاریگەری لەسەر پرۆسەی "ھەژماری من" نهبووه. بهوتهی ناوبراو، "ھەژماری من زۆر لەژمارە بانکی عێراق پێشکەوتوترەو ھاوڵاتیان دەتوانن بیکەنە نێودەوڵەتیش".
ئاوێنه: مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه، "پڕۆژەی ھەژماری من بەردەوامەو دوای تەواوبونی پارێزگای ھەولێر ئێستا لەسنوری پارێزگای سلێمانی ھەژماری من لەلایەن فەرمانبەرانەوە دروستدەکرێت، دوای تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ھەژماری من توانیومانە سەرکەوتوبین لەجیبەجێکردنی پرۆسەکەو بەردەوامیش دەبین تا ھەموو فەرمانبەرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی ھەژماری من."
مانگی شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ی راگەیاند. بهوتهی بهرپرسانی باڵای حكومهتی ههرێم، "هەژماری من" پرۆژەیەکی گرنگو ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیران بەهاوکاری وەزارەتی داراییو ئابورییو بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق ئەنجامدەدرێت. ئامانج لەپرۆژەکە بنیاتنانی سیستەمێکی بانکی بەهێزە کە فەرمانبەرانو موچەخۆران تیایدا لەچەندین خزمەتگوزاری داراییو بانکی سودمەند دەبنو لەقۆناغی داهاتوشدا کارمەندانی کەرتی تایبەت دەبنە خاوەن هەژمارهكه.
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه بڕیاری دادگای فیدڕاڵیو وەزیری دارایی عێراق لەبارەی دروستکردنی ھەژماری من ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر پڕۆژەکە نەبووە، "ئێمە بەردەوامین لەدروستکردنی ھەژماری من بۆ فەرمانبەران، گەڕانەوەی کارتەکانیش بەردەوامە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی بەشداریان کردووە."
رۆژی 21ی شوباتی 2024 دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا كه پێویستە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بانکە فیدراڵییهکانەوەو -بانكی ڕهشید، ڕافیدهین، بانكی بازرگانی عێراق- بهكارتی بانكیی دابەشبکرێتو وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خهرجبكات، بهوهش پرۆسهی "ههژماری من" لهلایهن دادگای فیدراڵییهوه ڕهتكرایهوه.
بهڵام بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی ههرێم جهختلهوه دهكاتهوه كه "ھەژماری من پڕۆژەیەکی زۆر پێشکەوتوو سەردەمیانەیەو بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئەو ژمارە بانکیەی عێراق دروستیکردووە بۆ فەرمانبەرانی، چونکە ھەژماری من نەک تەنیا ناوخۆییە، بەڵکو دەتوانن بیکەنە نێودەوڵەتیش، واتە ھەژماری من پڕۆژەیەکە دەتوانرێت زۆر بەئاسانی بۆ دەرەوە بەکار بێت."