كۆمسیۆن: کارتی کۆنی دەنگدان کە وێنەی دەنگدەری لەسەر نییە بەکارنایەتو پێویستە کارتەکە نوێبکرێتەوە
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دهڵێت، سبەی یەکشەممە دوایین ڕۆژی دەرهێنان و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدانەو جارێکی دیکە درێژناکرێتەوە.
ئاوێنه: د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگهاند، سبەی یەکشەممە کاتژمێر 3:00ی دوانیوەڕۆ دوایین ڕۆژی دەرهێنان و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدانەو جارێکی دیکە وادهكهی درێژ ناکرێتەوە.
ههرچهنده كۆمسیۆن دو جار وادهی دەرهێنانو نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان درێژكردۆتهوه، بهڵام تائێستا دەیان هەزار هاوڵاتی مامەڵەی نوێکردنەوەو دەرهێنانی کارتی دەنگدانیان نەکردووە، بێ کارتی دەنگدانیش ناتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.
بڕیاره ڕۆژی 10-06-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت. بهگوێرهی ئامارهكانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەسەرەتای مانگی ڕابردوەوە تائێستا تەنیا 109 هەزار کەس مامەڵەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی كارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان کردووە.
لەم هەڵبژاردنەدا 3 ملیۆنو 641 هەزارو 566 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، وێڕای ئەوەی لەدایکبووانی ساڵی 2006 کە یەکەمجارە مافی دەنگدانیان دەبێت پێویستە کارتی دەنگدان دەربهێنن، كۆمسیۆن دهڵێت، کارتی کۆنی دەنگدان کە وێنەی دەنگدەری لەسەر نییە بەکارنایەت و پێویستە کارتەکە نوێبکرێتەوە.