په‌رله‌مانتارانى كورد له‌به‌غدا لێدوانی‌ پێچه‌وانه‌ ده‌ده‌ن له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ناردنی‌ 618 ملیار دیناره‌كه‌وه‌
  2024-03-10       811       


سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ نزیكده‌بینه‌وه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ سێ، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی‌ عێراق پاره‌ی‌ پێویستی‌ بۆ موچه‌ی‌ مانگی‌ 2ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌ناردووه‌، په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق-یش لێدوانی‌ پێچه‌وانه‌ ده‌ده‌ن له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ناردنی‌ 618 ملیار دیناره‌كه‌.

ئاوێنه‌: رۆژی چوارشەممەی‌ ڕابردو 6ی 3ی 2024، وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە كه‌ بەواژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌لێدوانه‌كانیاندا جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا وه‌زیری‌ دارایی عێراق واژۆ له‌سه‌ر ناردنی‌ 618 ملیار دیناره‌كه‌ ده‌كات‌و ده‌ستبه‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ شوبات ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ش پاره‌كه‌ ڕه‌وانه‌ نه‌كرا.

نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌په‌ڕه‌ی‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك له‌باره‌ی‌ ناردنی‌ 618 ملیاره‌كه‌وه‌ نوسیویه‌تی‌، "لەبەدواداچوونی بەردوامم بۆ پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە پەیوەندیمکرد بەوەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە، پێیان راگەیاندم کە لیستی موچەی هەرێم زۆر بەباشی ئامادەکراوە وەک ئەو خشتەیەی داواکرابو، دوای تەواوبونی وردبینی دەستدەکەن بەخەرجکردنی موچە، بەڵام هەر توێژەو بەجیا،  واتا فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی."

لێدوانی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی یەکێتیی ده‌ڵێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیکەوتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر ناردنی موچەی هەرێمی کوردستان ناکات.
 
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، وەزیری دارایی عێراق، داوای وردبینی‌و زانیاریی زیاتری کردووە لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەمڕۆ واژۆی لەسەر ناکات.

هاوكات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووه‌، ''پێشتر بەغدا وەک بودجە پارەی دەنارد، بۆیە زۆر گرنگیی بەلیستی موچەخۆران نەدەدا، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لەبەغداوە پارە بۆ موچە دەنێردرێت؛ بۆیە هەرکات وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر لیستی موچەخۆران بدات، لەسەری دەبێتە ماڵ‌و دەبێ مانگانە بەو بڕە پارە بنێرێت".

جەمال کۆچەر پێشبینی دەکات، لەدو رۆژی داهاتودا پێداچونەوە بەلیستی موچەخۆران لەوەزارەتی دارایی یەکلایی بکرێتەوە.

پێشتر تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبو، لەگەڵ ناردنی لیستی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، موچەی فەرمانبەران دەنێرن. 
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە وتی، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان درەنگ لیستی فەرمانبەرانی نارد. لەم بابەتەدا رەخنە لەبەغدا ناگیرێت، چونکە تەنیا دو رۆژە وردبینی بۆ لیستی موچە دەکرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، موچه‌خۆرانی‌ هەرێمی کوردستان موچەی سێ مانگی ساڵی رابردویان وەرنەگرتووە، ئه‌مرۆ 70 ڕۆژه‌ موچه‌ی‌ یه‌ك مانگی‌ ئه‌مساڵیان وه‌رگرتووه‌و دیار نییه‌ كه‌ی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ شوبات‌و مانگه‌كانی‌ دیكه‌ وه‌رده‌گرن.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×