وەزیری بازرگانی هەرێم: تەنیا نرخی گۆشتی خۆماڵی بەرزبۆتەوە
  2024-03-11       240       

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم رایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا چاودێری بازاڕەكان چڕدەكەنەوە تاوەكو ئەو مانگە نەقۆزرێتەوە بۆ بەرزكردنەوەی نرخ و دەشڵێت، ئەمڕۆ بازاڕەكانی هەولێریان بەسەركردنەتەوەو تێبینیان كردوە نرخی شتومەكەكان وەكو خۆیانن تەنیا نرخی گۆشتی سوری خۆماڵی بەرزبۆتەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممەو لە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزاندا، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی بازرگانی، بە ناو بازاڕەکانی هەولێردا گەڕان و چاودێریی نرخ و کوالێتیی کاڵا و خواردەمەنییەکانیان کرد.

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی لە لێدوانێكدا بۆ پێگەی حكومەت وتی"ئامانج لە سەردانی ئێمە بۆ بازاڕ ئەوەیە كە گوێمان لە گیروگرفتی خەڵك بێت و چاودێری بازاڕەكان زیاتر چڕبكەینەوە."

وتیشی"ئێمە چاودێری بازاڕەكانمان زۆر چڕكردۆتەوە لە ڕێگەی تیمەكانی چاودێری بازرگانی كە دابەشكراون بۆ چوار وەجبە: بەیانیان، ئێواران، شەوان و پارشێوان. ئەمەش بۆ ئەوەیە كە مانگی رەمەزان نەقۆزرێتەوە بۆ بەرزكردنەوەی نرخ."

هەروەها وەزیری بازرگانی وتیشی"بەخۆشحاڵییەوە نرخی شتومەكەكان زۆربەی زۆری وەكو خۆی بو، تەنیا گۆشی خۆماڵی نەبێت كە نرخەكەی بەرزبۆتەوەو ئەوەی لە دەرەوەی دێت نرخەكەی وەكو خۆیەتی، بۆ ئەوەش لەگەڵ وەزارەتەكە پەیوەندیدارەكان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی هەماهەنگی كۆبونەوەمان كردوەو دیراسەی ئەوەمان كردوە كە چۆن بتوانین ئەو بابەتە چارەسەر بكەین و وا بكەین نرخی گۆشتی خۆماڵی دابەزێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×