سەفین مەلا قەرە: پێموانییە پارتی بچێتە ژێر باری ئەنجامدانی هەڵبژاردن
  2024-03-21       618       

سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەدوری دەزانێت پارتی بچێتە ژێر باری ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەشڵێت، گەر پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، پێناچێت ڕێگە بە ئەنجامدانی پرۆسەکە لە هەولێر و دهۆک بدات.

ئاوێنە: سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی وەفدی حزبەکەی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وەفدی پارتی باسی ڕێگری کردنیان لە هەڵبژاردن لەگەڵ ئێمە نەکرد، بەڵام گەر بەشداری نەکەن، پێموایە ناهێڵن هەڵبژاردن لە هەولێر و دهۆک ئەنجام بدرێت."

سەبارەت بەوەی لە حاڵەتی ڕێگریکردن دا لە هەڵبژاردن تا چەند ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، سەفین مەلا قەرە وتی،"پێناچێت هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجەش بەڕێوەبچێت گەر لە هەولێر و دهۆک نەکرێت، بەڵام گەر پارتی ڕێگری بکات عێراق و دادگا هەڵوێست وەردەگرن."

سەفین مەلا قەرە وتیشی،"پێموانییە پارتی بچێتە ژێر باری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە، گەر هەڵبژاردنیش ئەنجام نەدرێت کاریگەری خراپی دەبێت و دام و دەزگاکانی هەرێم دەکەونە بۆشایی دەستورییەوە."

سەفین مەلا قەرە، کە بەشداری کۆبونەوەی نێوان پارتی و گۆڕانی کرد وتی،"پارتی هیچ داواکارییەکیان نەبو، ڕونکردنەوەیان دا لەسەر هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن، وتیان ئێمە هەڵبژاردنی پاک و بێگەردمان دەوێت و گومانمان هەیە لەوەی هەڵبژاردنە پاک بێت."

ئەو وتیشی،"پارتی وەڵامی ئێمەیان نەویست، تەنها بۆ پێدانی ڕونکردنەوە سەردانی حزب و لایەنەکانیان کرد."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×