پێشبینی كەشناسی هەرێم بۆ كەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتو
  2024-03-22       311       

كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات، ئەمڕۆ هەینی، باران بارین لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و پلەكانی گەرماش چەند پلەیەك دابەزن و هەروەها سبەینێش كاریگەری ناجێگیری كەشوهەوا بەئاستێكی كەمتر بەردەوام بێت بەڵام پلەكانی گەرما چەند پلەیەك بەرزببنەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، بەهۆی کاریگەری بەردەوامى ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەى لەسەر ناوچەکەمان هەیە تەواوى ئاسمانى هەرێم هەورى باراناوى دەبێت لە زۆربەی ناوچەکان، سەرەتا لە ڕۆژ ئاواى هەرێم بە شێوەى نمە باران و بارانی مامناوەند دەستپێدەکات و پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ سەر تەواوی ناوچەکانى تر.

كەشناسی هەرێم وتوشیەتی، ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای دهۆک ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ لێزمە باران و هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بارانی مامناوەند دەبارێت و هەندێک کات باران بەشێوەی تاوە بارانی کورتخایەن دەبێت، پاشان بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری ئەو شەپۆڵە لەسەر ناوچەکەمان لاواز دەبێت و هەروەها بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییە سنورییەکان دەبارێت.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەمڕۆ پلەكانی گەرما بە نزیكەی 1 تا 3 پلە نزمتر دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ناجێگیرى کەش و هەوا لەسەر ناوچەکەمان بەڕێژەیەکی کەمتر بەردەوامى دەبێت، ئاسمانی هەرێم بەگشتی هەورى تەواو دەبێت لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و بارانی مناوەند دەبارێت بەتایبەت سنوری پارێزگای دهۆک و لە ناوچە شاخاوییەکان باران بارینی زیاتر دەبێت بەروارد بە ناوچەکانی تر، لە هەندێک کات و ناوچە پێشبینی هەورە تریشقە و تاوە بارانى کورتخایەن دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوەكەی كەشناسی هەرێم، سبەی پلەكانی گەرما 2 تا 4 پلە بەرزتر دەبن لەچاو تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 19، سلێمانی: 18، دھۆک: 17، کەرکوک: 22، ھەڵەبجە: 19، سۆران: 12، گەرمیان: 24 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×