جەبار یاوەر: عێراق ئامادە نییە موچەى پێشمەرگە خەرجبکات بەو بیانوەى هێزێکى سیادى نییە
  2024-03-22       614       

جەبار یاوەر دەڵێت حکومەتی عێراق ئامادە نییە بودجەی پێویست بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان بکات بە بیانووی ئەوەی هێزێکی "سیادی" نییەو هێزێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، عێراق وتویەتى بەپێی دەستور پێشمەرگە هێزێکی سیادی هاوشێوەی سوپای عێراق نییە، بەڵکو وەکو پۆلیس و ئاسایش هێزێکی ناوخۆیی هەرێمە، بۆیە دەبێت هەرێم لە بودجەی خۆی خەرجییان دابین بکات. هەندێکجاریش بیانووی ئەوە دەهێننەوە گوایە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆرە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وتووە: تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کەسوکاری شەهیدو بریندارەکان تەرخان نەکراوە.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق 9 تریلیۆن و 764 ملیار دینارە، پشکە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بڕە پارەیە، 228 ملیارو 304 ملیۆن دینارە.

حکومەتی هەرێم بۆ موچەی کارمەندان و هێزەکانی پێشمەرگە مانگانە پێویستی بە 133 ملیار دینارە، بەو پێیەی ژمارەی پێشمەرگەو خانەنیشینانی ئەو وەزارەتە سەرووی 400 هەزار موچە خۆرە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی لە یاسای بودجەی عێراق دا هاتووە 19 ملیار دینارەو تەنها بەشی موچەی 23 هەزار پێشمەرگە دەکات.

جەبار یاوەر دەشڵێت: حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ بودجەیەکیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە خەرج نەکردووە. ئەو بڕە پارەیەش لە یاسای بودجەی عێراق دا بۆ پێشمەرگە دانراوە بەشی موچەو پێداویستی یەک لیوای پێشمەرگە دەکات.

هەرچەندە حکومەتی عێراق ماوەی هەفتەیەکە بڕی 600 ملیار دیناری ناردووە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەی بەسەر موچەخۆراندا دابەش نەکردووە بەبیانووی ئەوەی عێراق موچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی نەناردووە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×