پێشەوا هەورامی: بەپرسی باڵا هەیه‌ نایەوێت لەهەژماری من بەشدار بێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەپارە سپیکردنەوەو کاری قاچاغی‌و قومار کردن
  2024-03-23       530       
پێشەوا هەورامی

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت پرۆژەی "هەژماری من" بەردەوامەو نزیکەی 300 هەزار موچەخۆر بەشداربون‌و حکومەت پلانی هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەران بەشدار بن لەو پرۆژەیەدا. به‌وته‌ی‌ ئه‌و، "بەپرسی باڵا هەیه‌ نایەوێت لەهەژماری من بەشدار بێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەپارە سپیکردنەوەو کاری قاچاغی‌و قومار کردن".

ئاوێنه‌: پێشەوا هەورامی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، "بەڕێژەیەکی زۆر باش لە فەرمانبەران بەشداریان لە هەژماری من کردووە، پلانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرێکی هەرێم خاوەنی هەژماری تایبەتی بێت لە پرۆژەی هەژماری من."

وتیشی، "تیمەکان خەریکی کارەکانی خۆیانن، تا ئێستا خەریکە نزیک دەبێتەوە لە 300 هەزار فەرمانبەر کە بەشداربوون، ئەوانەشی کە بەشداربوون نیوەیان کارتەکەیان وەرگرتۆتەوە."

بەپێی کاردانەوەی سۆشیال میدیا، بەشێکی زۆر لەموچەخۆرانی پارێزگای‌ سلێمانی بێت، پرۆسەکە لەسلێمانی خاوەو بەشێکی زۆر لەموچەخۆران ڕەتیدەکەنەوە بەشداری لە "هەژماری من"دا بکەن.

به‌ڵام وتەبێژی حکومەت ئەو هەڵوێستە بەهەڵوێستێکی "پۆپۆلیستی"و "دژایەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم" ناو دەبات، بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بهێنیت.

پێشەوا هەورامی دەڵێت، "پرسی سلێمانی هەڵمەتێکی پۆپۆلیستیە لەچوارچێوەی هەموو هەڵمەتەکانی تر کە دژایەتی ئەم کابینەیەی پێ دەکرێت، هەر کارێکی باش ئەم کابینەیە دەستی بۆ دەبات خەڵکێک دژایەتی دەکات، ئەمە خواست و داواکاری خەڵک بووە، ئێستا حەملەیەکی سیاسیە لە دژی هەژماری من بەڕێوەدەچێت، لەچوارچێوەی حەملەکانی تر دژی کابینەی نۆ."

ئه‌وه‌شی‌ وت، "لەم پرۆژەیەوە دەتوانین ڕێگریی بکەین لەپارەی ناشەرعی و قاچاغ و سپیکردنەوەو پارەی پیس کە هێشتا هەندێک لەهەرێم دەیانەوێت سەرچاوەی داهاتیان دیار نەبێت، ڕەنگە خەڵکی باڵای سیاسی هەبیت نایانەویت هەژماری منیان هەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەپارە سپیکردنەوەو لەقاچاغیکردن لەسنورەکان و لە قومار کردن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×