ئاپیكور: زیانه‌كانی وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم گه‌یشتووته‌ 11 ملیار دۆلار
  2024-03-24       213       

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24 ئازار، ساڵێك تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر بڕیارى ده‌سته‌ى دادوه‌رانى دادگاى پاریس بۆ وه‌ستاندنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى له‌ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى توركیه‌وه‌ و كۆمه‌ڵه‌ى پیشه‌سازى نه‌وتى كوردستانیش له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرایده‌كات، زیانه‌كانى وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وت گه‌یشتوونه‌ته‌ 11 ملیار دۆلار.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا كۆمه‌ڵه‌ى پیشه‌سازى نه‌وتى كوردستان ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، “پاش تێپه‌ڕینى ساڵێك به‌سه‌ر بڕیارى دادگاى پاریس بۆ راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى كوردستان نییە”.

له‌باره‌ى زیانه‌كانى وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وت، كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، “عێراق نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە لە راگرتنی نەوتی هەرێم و داهاتی كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانیش به‌ڕێژه‌ى 60% كەمیكردووە”.

له‌باره‌ى دواین به‌ره‌وپێشچوونه‌كان له‌ گفتوگۆكانى تایبه‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم، ئاپیكۆ له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، “تا ئێستا نە ئەپیكۆر و نە كۆمپانیا ئەندامەكانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت به‌ده‌ستنه‌گه‌یشتووه‌”.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئه‌وه‌شى ئاشكرا كردووه‌، “هه‌ر هه‌شت ئه‌ندامه‌كه‌ى ئاپیكور پابه‌ندن به‌ گرێبه‌سته‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. حكومەتی عێراقیش هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتە بەر بۆ كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هه‌رچه‌نده‌ توركیا رایگەیاندووە بۆرییەكە ئامادەیە بۆ هەناردەی نەوت”.

به‌هۆى بڕیارێكى ده‌سته‌ى دادوه‌رانى دادگاى ناوبژیوانى پاریس كه‌ له‌ رۆژى 23ى ئازارى 2023 ده‌رچوو، له‌ رۆژى 25ى ئازارى 2023 هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى توركیه‌وه‌ وه‌ستا. دادگاى پاریس له‌سه‌ر سكاڵاى حكومه‌تى عێراق سزاى پێبژاردنى به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند و هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمیشى وه‌ستاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×