وه‌فدێكى هه‌رێم ئه‌مشه‌و سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات
  2024-03-24       259       


وه‌فدێكى پڕۆژه‌ى "هه‌ژمارى من" به‌سه‌ردانێك ده‌گاته‌ به‌غداو له‌گه‌ڵ وه‌فدێكى ته‌كنیكى بانكى ناوه‌ندیى‌و حكومه‌تى عێراق كۆده‌بێته‌وه‌، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكه‌ش له‌نوسینگه‌ى بارزانى ئاشكرایده‌كات، كۆبونه‌وه‌كانیان له‌سبه‌ینێ دوشه‌ممه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.

مەروان ئەحمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" لەنوسینگەی مه‌سرور بارزانى سەرۆک وەزیرانی هەرێم به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە،وه‌فدێكى پڕِۆژەی "هەژماری من" بچێتە بەغداو سبەینێ دوشەممە، لەگەڵ وه‌فدێكى حکومەتی عێراق‌و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی کۆببێتەوە".

وتیشى:"مەبەست لەچونی وه‌فده‌كه‌ بۆ بەغدا "بۆ تاووتوێکردن‌و خستنەڕوی وردەکاریی پڕۆژەی "هەژماری من"ی حکومەتی هەرێمه‌ بۆ حکومەت‌و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق".

به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانى پڕۆژه‌ى هه‌ژمارى من، تائێستا زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی مامەڵەی پڕۆژەی "هەژماری من"ی بۆکراوەو زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەریش کارتە بانکییەکەیان وەرگرتوەتەوەو پرۆسەکە بەخێرایی بەڕێوەدەچێت.

حکومەتی هەرێمیش ڕایگه‌یاند، بەردەوامە لەفراوانکردنی پڕۆژەكه‌و ئێستا لەحەوت شاری هەرێمی کوردستان دەست بەتۆمارکردنی موچەخۆران لەچوارچێوەی پڕۆژەکە کراوەو ڕۆژانەش زیاتر لەچوار هەزار فەرمانبەر لەپرۆژەی "هەژماری من" تۆماردەکرێن، پێنج بانکی گەورە لەپڕۆژەکەدا بەشدارن‌و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن.

ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، "پڕۆژەی هەژماری من بەڕەزامەندی محەممەد شییاع سودانی‌و بانکی ناوەندیی عێراق دروستکراوە، هەورەها چەندین بانکی عێراقیش لەپڕۆژەکەدا بەشداردەبن، لەڕێگەی هەژماری منه‌وه‌ موچەخۆر دەتوانێت سودمەندبێت لەخزمەتگوزارییە بانکییەکان‌و کارئاسانییەکی زۆریان بۆ دەکات، گرنگترینیشیان موچەخۆر دەتوانێت لەڕێگەی هەژماری من پێشینەکانی خانوبەرەو هاوسەرگیریی وەربگرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×