بەپێی راپرسییەک کە لەلایەن ئاوێنەو بەھاوکاریی تیمێکی پسپۆری ھەڵبژاردنو راپرسی سەبارەت بەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، لە ٩٣%ی ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردن ناکەن هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی "بڕوایان بەپرۆسەی ھەڵبژاردنو خەباتی پەرلەمانیی نەماوە"، هەروەها لەم راپرسییەدا پارتی زۆرترین رێژەو گۆڕان کەمترین رێژەی تۆمارکردووە.
ئاوێنە: بەپێی راپرسیەکی تایبەتی ماڵپەڕی ئاوێنە، کە ٣٥٧٢ کەس لەھەر چوار بازنەی ھەرێمی کوردستان بەپرۆگرامێکی تایبەتی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بەشدارییان کردووەو دوور بووە لەھەموو جۆرە دەستوەردانێکو ئەوانەی دەنگیانداوە بۆیان ھەبووە تەنھا یەک جار وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە، لەھەولێر زۆرترین رێژەی دەنگدان تۆمارکراوە.
بەپێی ئەم راپرسییە، پارتی نزیکەی لە ٣٠% دەنگەکانی پەرلەمان بەدەستدەھێنێتو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نزیکەی لە ١٨%و بەرەی گەل یان لیستەکەی لاھور شێخ جەنگی ١٢.٥٠%و نەوەی نوێ ٨.٣% دەنگەکانو لیستی ھەڵوێست (لیستی هەڵوێستی نیشتیمانی یان لیستەکەی عەلی حەمە ساڵح و د.یوسف نزیکەی ٦%ی دەنگەکان و لیستی ئیسلامییەکان لە ٣.٧% و بزوتنەوەی گۆڕان ١.٨%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە نزیکەی ٢٠%ی دەنگدەران ئامادەنین دەنگ بەھیچ کام لەو لیستو گروپانە بدەنو ٩٣%یان دەڵێن بڕوامان بەپرۆسەی ھەڵبژاردن و خەباتی پەرلەمانی نەماوەو بەشداری هەڵبژاردن ناکەین. ھەروەھا لە ٢٤% دەڵێن ناڕازین لەھەموو حزبەکان و لە ١٤% دەڵێن بڕوامان بەحزبە ئۆپۆزسیۆنەکان نییە.
ئەم راپرسیە کە لەمانگی مارسدا لەلایەن ئاوێنە بەهاوكاریی تیمێكی پسپۆری هەڵبژاردنو راپرسی كراوە، لەخوارەوە ئەنجامەكانی بەوردی دەخرێتەڕوو.