سه‌ركردایه‌تیه‌كى پارتى: هەموو شێوازێكتان بۆ لەناوبردن‌و لاوازكردنی پارتی گرتۆتەبەر، بەڵام پێتان نەكرا
  2024-04-02       518       


ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی ناڕاسته‌وخۆ په‌یامێكى ته‌نز ئامێز ئاراسته‌ى یه‌كێتى ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەموو شێوازێكتان بۆ لەناوبردن‌و لاوازكردنی پارتی گرتۆتەبەر، بەڵام ”پێتان نەكراو پێشتان ناكرێ"، ده‌شڵێت:"لەپارتییەوە فێربن کە سیاسەت ھەڵچون‌و خۆپچڕاندن‌و کاردانەوەی بێبنەماو کەمفرسەتی‌و یاریکردن بەسۆزی کۆمەڵگەو گەوجاندن‌و چەواشەکردن نییە".

ئەحمەد كانی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەفەیسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"نەیارانی پارتی لەناوەوەی کوردستان‌و لەدەرەوەو لەسەر ئاستی ئیقلیمی، ھەندێکتان بەمەرامی شەخسی‌و حزبی، ھەندێکی ترتان بەعەقڵیەتی نەتەوەپەرستی‌و شۆڤێنی، ئەوانی تر بەڕۆحیەتی دوژمنکارانەی پاوانخوازیی‌و خۆسەپاندن، بەھەموو پیلانێکی تاکە کەسی‌و حزبی‌و ئیقلیمی، لەڕابردوو ئێستاشدا، ھەموو شێوازێك‌و ھەموو ڕێگایەكتان تاقیکردۆتەوە بۆ لەناوبردن‌و لاوازکردن‌و گۆشەگیرکردنی پارتی، بەڵام پێتان نەکراو پێشتان ناکرێ‌و بۆشتان ناچێتەسەر".

ئه‌حمه‌د كانى به‌ته‌نزه‌وه‌ ده‌ڵێت:"وا باشترە بەچۆنیه‌تی بیرکردنەوەو حساباتی خۆتاندا بچنەوەو بگەڕێنەوە بۆ مەنتیقی عەقڵ‌و خانەی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی‌و نیشتمانی، لەپارتییەوە فێربن کە سیاسەت ھەڵچون‌و خۆپچڕاندن‌و کاردانەوەی بێبنەماو کەمفرسەتی‌و یاریکردن بەسۆزی کۆمەڵگەو گەوجاندن‌و چەواشەکردن نییە".

له‌كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "ھەمیشە ئەوەتان لەبیربێت كە پارتی بۆیە بەھێزە، چونکە بارزانی سەرۆکی ئەو حزبەیە، پارتی قوتابخانەی کوردایەتیە، پارتی لەپێناو ئامانجی تاکەکەسی‌و حزبی‌و بەرئەنجامی کاردانەوەی شکست‌و ڕق‌و کینە دانەمەزراوە، بەڵكو پارتی لەپێناو گەیشتن بەئامانجی نەتەوەیی‌و نیشتیمانی دامەزراوە، پارتی پشتی بەخواو بەگەلی کوردستان بەستوە، جگە لەئەجێندای کوردستان، پشت بەهیچ ئەجێندایەکی بیانی نەبەستراوە، پارتی ھەمیشە خاوەنی ئەندێشەو دوربینی‌و بەرنامەو پلانی ستراتیژیی بوە، بۆ مەبەستێکی ئانی‌و ھەنوکەیی نەکەوتۆتە تەڵەی پلانی تەکنیکی پڕ لەھەڵەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×