سه‌رۆكی ته‌ریقه‌تی عه‌لیه‌ی قادری كه‌سنه‌زانی رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه فیتنه له نێوان هیچ لایه‌نێك له ئێستادا خۆیان له هه‌ردوو حزبی باڵاده‌ست له هه‌رێم به دوور گرتووه و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه "حزبایه‌تی ئه‌وه ناهێنێت سه‌نگه‌ر له یه‌ك بگرین و یه‌كتر بكوژین".
ئاوێنە: شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی، سه‌رۆكی ته‌ریقه‌تی عه‌لیه‌ی قادری كه‌سنه‌زانی له لێدوانێكدا، به ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "من ئێستا خۆم له هه‌ردوولایه‌نه‌كه به دوور گرتووه له سه‌ره‌تادا هه‌ندێ هه‌وڵماندا، به‌ڵام نه‌كرا. ئێمه نه پێویستی سیاسی و نه ماددیی و نه مه‌عنه‌ویمان هه‌یه، ئێمه پێویستی مه‌عنه‌ویمان لای خوای گه‌وره و حه‌زره‌تی محه‌مه‌د و عه‌لی و ئوستازه‌كانمانه‌وه‌یه، به‌ڵام ئێمه وه‌ك واجبی سه‌رشانمان هه‌ستاین به‌و هه‌نگاوانه."
وتیشی: "ته‌ریقه‌ت هه‌میشه پاڵپشتی میلله‌ت بووه پاڵپشتی ئه‌وانه بووه كه زوڵمیان لێكراوه، ئێستا ئێمه بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی زوڵم له ناوماڵی خۆمان بكرێت ئیتر هی ئه‌وه نییه زیاتر بڕۆین، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بینه فیتنه له نێوان هیچ لایه‌نێك بۆیه ئێستا ئێمه هه‌ڵوێستێكی ترمان هه‌یه".
له ماوه‌كانی ڕابردوودا وابڕیار بوو چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ر به ته‌ریقه‌تی كه‌سنه‌زانی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی نوێ دروست بكه‌ن و به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێم بكه‌ن، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك شێخ نه‌هرۆ كوردستانی به‌جێهێشت، ڕۆژی 12ی مانگی 7ی 2023 نوسینگه‌ی تایبه‌تی شێخ نه‌هرۆ به ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند كه شێخ له پێناو "چاكه‌ی گشتیدا" كوردستانی به‌جێهێشتووه و ته‌نها له بۆنه‌كاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه سلێمانی.
نوسینگه تایبه‌تیه‌كه‌ی شێخ نه‌هرۆ هۆكاری به‌جێهێشتنه‌كه‌ی شێخیشی گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی "ناكۆكی له نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌شێك له‌لایه‌نه سیاسیه‌كاندا هه‌بووه و شێخ هه‌وڵی نێوه‌ندگیری داوه ، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون تاوانباریش كراون، بۆیه شێخ بڕیاریداوه سلێمانی به‌جێبهێڵێت".
ناكۆكیه‌كان گه‌شته ئه‌وه‌ی له 18ی مانگی 7ی هه‌مان ساڵیش به تۆمه‌تی به‌كارهێنانی هێزێك به ناوی "هێزه خۆبه‌خشه‌كه‌ی گه‌رمیان" دادگای دوزخورماتوو فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ دوو له كه‌سه نزیكه‌كانی شێخ ده‌ربكات.
دوای نۆ مانگ له به‌جێهێشتنی سلێمانی وا بڕیاربوو ڕۆژی 8 ی مانگی 4 شێخ نه‌هرۆ بگه‌ڕێته‌وه سلێمانی، به‌ڵام به هۆی ده‌ستگیركردنی دوو له نزیكه‌كانی به ناوی سه‌ربه‌ست ساڵح و كه‌مال كوبه‌یسی، سه‌فه‌ره‌كه‌ی دوا كه‌وت و ڕۆژی سێشه‌ممه 9 ی 4 شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی گه‌ڕایه‌وه سلێمانی و دواتر له شه‌وه‌كه‌یدا به به‌شداری هه‌زاران كه‌س له ده‌روێشان و موریدانی له ته‌كیه‌كه‌ی خۆی مه‌راسیمی زیكر و به‌خێرهاتنه‌وه‌ی بۆ سازدرا.
شێخ نه‌هرۆ له‌وباره‌وه ده‌ڵێت: "په‌یاممان ئه‌وه‌یه بۆ خه‌ڵكی هه‌رێم به حوكمی ئه‌وه‌ی كورستان له ڕووی جیۆپۆڵه‌تیكه‌وه هه‌ستیاره ئه‌بێ هه‌مه ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یامه سیاسیه‌كه‌یان له هه‌رێم هه‌ڵگرتووه له سه‌ر یه‌ك وه‌ته‌ر ئیش بكه‌ن، هه‌تا ئه‌گه‌ر جیاواز و ڕه‌نگاو ڕه‌نگ بن، به‌ڵام حزبایه‌تی ئه‌وه ناهێنێت سه‌نگه‌ر له یه‌ك بگرین و یه‌كتر بكوژین".
وتیشی: "ئه‌بێ منافه‌سه‌مان ئه‌وه‌بێت كه خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان بكه‌ین ئه‌و خزمه‌ته ده‌بێته په‌یام بۆ جیهان و بۆ وڵاتانی ئیقلیمی وه‌ك ئێران و توركیا یان وڵاتانی عه‌ره‌بی كه درواسێی عێراقن".
روونیشیكرده‌وه كه "حزبی كوردی ئه‌ركیه‌تی كه ڕوئیایه‌كی هاوبه‌شی هه‌بێت و بتوانێ‌ن چۆن له نێوان ئه‌م ئاڵه‌نگاریه گه‌ورانه‌ی له ناوچه‌كه هه‌یه كوردی تێنه‌ئاڵێنن و بیخه‌نه چاڵێكی تره‌وه ئه‌بێ به گوێی یه‌كتر بكه‌ن".
باسی له‌وه‌شكرد كه "پێم باشه لیژنه‌یه‌كی باڵای سیاسی هاوبه‌ش له نێوان هه‌موو حزبه‌كان دابنرێت له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كه بتوانن پلانێك و نه‌خشه‌ی سیاسی هاوبه‌ش دابنێن كه چی له به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌مانه و زیان له میلله‌ته‌كه دوور بخه‌نه‌وه".
سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانیه‌كانی له ڕابردوودا، به قسه‌ی خۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ نه‌هرۆ بۆ به‌شداریكردنه له ساڵیادی له دایك بوونی ( شێخ محه‌مه‌د كه‌سنه‌زانی) باوكی كه ده‌كاته ڕۆژی 15ی مانگی 4، به‌ڵام شێخ نه‌هرۆ رایگه‌یاند كه "ئێستا كه هاتوومه‌ته‌وه بۆ ئه‌م مه‌راسیمه بۆ به‌شداریكردنمانه له یادی له دایكبوونی ئوستازمان شێخ محه‌مه‌د كه‌سنه‌زانی، به‌ڵام هێشتا بڕیاریشمان نه‌داوه بۆنه‌كه له به‌غدا یان له سلێمانی بكه‌ین".