پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
  2024-05-04       352       

دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایگەیاند، دەسەڵاتی كوردی سورە لەسەر سەپاندنی هەژماری من لەژێر ناوی جیاجیاداو دەستەكەیان دژی ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانی دەسەڵاتی كوردییە لەگەڵ ئەو هێزە عێراقیانەی هاوکاریانن لەم كارەداو دەشڵێت، ئامادەین گەورەترین ناڕەزایی لە سەر شەقامەکان پیشانی ناوخۆ و عێراق بدەین.

ئاوێنە: دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان، وتی، دەسەڵاتی کوردی "پێداگرە لەسەر عینادی و سورن لەسەر تاڵانکردنی گیرفانتان و سەپاندنی هەژماری بەدناویان لەژێر ناوی جیاجیادا."

وتوشیەتی، ئەم دەسەڵاتە بە مەبەست نایەوێت بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین بە کاری تەوتینی موچەکانتان هەستن و لەمپەرو ڕێگری جۆراوجۆر دروست ئەکەن لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە تەوتین و هاوتاكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبانکە عێراقییەکاندا.

جەختیشی كردۆتەوە كە "دەستەکەمان  پشتئەستور بە ئیرادەی خۆپیشاندەران و ئێوەی ئازیز  دژی سەرجەم پیلانگێڕی و ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانی دەسەڵاتی موچە دزی کوردییە لەگەڵ ئەو هێزە عێراقیانەی موجامەلە و هاوکاریانن لەو کارە نەگریس و دژ بە یاسایەدا."

دەستەكە وتوشیەتی"ئامادەین ئەم پیلانگێڕیەی دەسەڵات لەگۆڕ بنێین و گەورەترین ناڕەزایی لە سەر شەقامەکان پیشانی ناوخۆ و عێراق بدەین، هەتا هیچ کەس و لایەنێک جورئەتی ئەوە نەکات ویستی نەگریس و حەزی نەخۆشی بسەپێنێت بەسەر هەمواندا."

تەئكیدیشی كردۆتەوە كە ئەوان تەنیا و تەنیا  بە تەوتینکردنی موچەکانیان لە هەردو بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ڕازی دەبن و "سەرجەم بانک و هەژمارەکانی تری دوکانە سیاسی و بازرگانییەکان ڕەت ئەکەینەوە."

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەك ئاماژەیەك بۆ رازیبونی بانكی تی بی ئای بۆ تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم وتویەتی"بانکێک پێشتر نەیتوانیبێت پارەکانی خۆی لەدەستی چەتەکانی هەرێم بپارێزێت، چۆن گەرەنتی موچەی سەدان هەزار فەرمانبەر دەکات؟!"

لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەستەكە وتویەتی"هۆشداری ئەدەینە هەموان کە یاری بە ئاگر نەکەن و ئارامی مامۆستایان و فەرمانبەران تاقی نەکەنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×