پەرلەمانتارێكی پارتی: حكومەتی عێراق كەمتەرخەمە لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
  2024-05-04       280       

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت، حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا. ئاماژە بەوەش دەدات، حکومەتی تورکیا داوای 25 ملیۆن دۆلار قەرەبوی وەستانی هەناردنی نەوتەکە دەکات.

ئاوێنە: سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی لەبارەی پێكهێنانی دو لیژنە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە نێوان هەولێرو بەغدا، بە میدیای حزبەكەی وت"تاوەکو ئێستا هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر تێچوی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان  ڕێکنەکەوتون و گفتوگۆکان بۆ چارەکردنی کێشەکە بەردەوامن." 

سەباح سوبحی وتیشی"لە یاسای بودجەی عێراقدا، شەش دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، ئەم بڕە پارەیەش زۆر کەمە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیش داوایان کردوە ئەو بڕە پارەیە بۆ نزیکەی 26 دۆلار بەرز بکرێتەوە".

بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، "حکومەتی تورکیا داوای 25 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبوی ڕاوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە حکومەتی عێراق دەکات".

وەکو ئەوەی سەباح سوبحی باسی کرد، "حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە دوبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا. کۆمپانیاکان لەسەر ئاستی نێودەڵەتی هەوڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵام حکومەتی فیدراڵی زۆر جیددی نییە".


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×