وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
  2024-05-04       361       


گفتوگۆکانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هەرێمی‌ کوردستان و حكومه‌تی‌ عێراق لەبارەی‌ کردنەوەی‌ هەژماری‌ بانکیی‌ بۆ موچەخۆرانی‌ هەرێمی‌ کوردستان به‌رده‌وامه‌و بڕیاره‌ سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌، وه‌فدێكی بانكی بازرگانی عێراقی -TBI- سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆببێتەوە. 

ئاوێنه‌: سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌تیمی پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من"ی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌میدیای‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ ڕاگه‌یاندووه‌، سبه‌ینێ وه‌فدێكی بانكی بازرگانی عێراقی -TBI- سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌گه‌ڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بنه‌وه‌.

بەگوێرەی سەرچاوەكه‌، ئامانجی هاتنی وه‌فدەکەو کۆبونەوەیان لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من"، گفتوگۆکردنە له‌باره‌ی چۆنییەتی به‌شداریكردنی بانكی -TBI- له‌پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ گفتوگۆکانی‌ نێوان هەرێمی‌ کوردستان و عێراق لەبارەی‌ کردنەوەی‌ هەژماری‌ بانکیی‌ بۆ موچەخۆرانی‌ هەرێمی‌ کوردستان، هێشتا بێئەنجامەو حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەڕێگەی‌ وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ دارایی‌ و ئابورییەوە ئەوەی‌ راگەیاندووه‌، سورە لەسەر کردنەوەی‌ هەژماری‌ من بۆ موچەخۆرانی‌ هەرێمی‌ کوردستان.

وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقیش نوسراوێکی ئاڕاستەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغداد کردووە، تیایدا داوایکردووە زانیاریی تەواوی کارمەندانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بنێردرێت، بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی بەبانکیکردنی موچەکانیان.

داواکە لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هاتووە، کە تیایدا هاتووە، بەبانکیکردن دەبێت لەڕێگای بانکەکانی حکومەتی عێراقەوە بێت، ئەوانیش بانکی بازرگانی عێراق یان بانکەکانی رەشید و رافیدەینن.

بەگوێرەی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی، کە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە، داوای زانیارییە گشتییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە، وەک ناوی چواریی، لەدایکبون، ناوی دایک، ژمارەی تەلەفۆن، ناونیشان و ژمارەی پیشەیی.

ئەوەشیان خستووەتەڕو، کە بەگوێرەی ئەم زانیارییانە، بانکە حکومییەکانی رەشیدو رافیدەین یان بانکی بازرگانیی عێراق، هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروستدەکەن و لەڕێگەیەوە موچەی فەرمانبەران خەرجدەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×