له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
  2024-05-04       753       
"دواخستنی هەڵبژاردن، هەرێمی کوردستان دەخاتە تونێلێکی تاریک"

هاوکات لەگەڵ فشارەکانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات. په‌رله‌مانتارێكی‌ خولی‌ پێنجه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان-یش ده‌ڵێت، "نێچیرڤان بارزانی نایەوێت، پێش ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نوسراو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەربکات!".

ئاوێنه‌: نازم دەباغ، نوێنەری‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان له‌ئێران ڕایگه‌یاند، سەردانەکەی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆکی‌ هەرێمی‌ کوردستان بۆ تاران لەسەر بانگهێشتی‌ فەرمیی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌و  وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ ئێران رێکیخستووە.

به‌پێی‌ هه‌واڵی‌ میدیاكانی‌ یه‌كێتی‌، جەعفەر شێخ مستەفاو مستەفا سەید قادر، هەردو جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ یاوەریی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ دەکەن.

ئه‌م سەردانه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ بۆ تاران، هاوکاتە لەگەڵ فشارەکانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ پەرلەمانی کوردستان.

لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی‌ خولی‌ پێنجه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "ئەجێندای سەرەکی سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ بۆ تاران، دواخستنی هەڵبژاردن‌و نزیکبوونەوەیە لەئێران…نێچیرڤان بارزانی نایەوێت، پێش ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نوسراو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەربکات! واتە: سبەی هەڵبژاردن دواناخات، دەچێتە ئێران، دەیەوێت بەڕەزامەندی ئەوان بێت!"

به‌بۆچونی‌ ئه‌و، دواخستنی هەڵبژاردن، هەرێمی کوردستان دەخاتە تونێلێکی تاریک، پرۆژەی پارتی ئەوەنییە هەڵبژاردن بخرێتە مانگی 10، دەیەوێت یان هەڵبژاردن نەکرێت، ئەگەر کراش بەدڵی خۆی بێت، ئەمەش مەحاڵە.

به‌پێی‌ ئه‌و واده‌یه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌سه‌ری‌ ڕێككه‌وتون، بڕیارە ڕۆژی‌ 10ی 6ی 2024، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت‌، به‌ڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان داوای‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كات.

پارتی‌ پێشتر زیاتر لەهەموو لایەنەکان پێداگریی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکرد، بەڵام لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق له‌ڕۆژی‌ 21ی‌ 2ی‌ 2024 سەبارەت بە "نادەستوریی"بونی 11ی کورسی کۆتای پێکهاتەکان کە بڕیارێکی تەواو دژ بەبەرژەوەندی پارتییە، هەروەها دابه‌شکردنی هەرێمی کوردستان بە 4 بازنەی هەڵبژاردن‌و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن‌ لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای‌ هەڵبژاردنه‌كانی عێراقەوە، پارتی‌ پاشەکشەی‌ لەهەڵبژاردن کردو ڕۆژی‌ 18ی‌ 3ی‌ 2024ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگەیاند، بەشداری لەهەڵبژاردنێکدا ده‌که‌ن کە "تەعبیر لەئیرادەی گەلی كوردستان بكات‌و دور بێت لەدەستوەردانی دەرەكی‌و سەپاندنی شێوازی نایاسایی."

دواخستنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌بێته‌ چوارم دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، به‌و پێیه‌ی‌ پێشتر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سێ وادەی تری‌ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکردبو (1ی‌ 10ی‌ 2022، 18ی‌ 12ی‌ 2023، 25ی‌ 2ی‌ 2024)، بەڵام لەهیچ کام لەو وادانەدا به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌ هەڵبژاردنه‌كه‌ ئەنجامنەدرا.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×