په‌رله‌مانتارێك: سودانی‌ وتی‌ له‌دەروازەكانی باشماخ‌و پەروێزخان قاچاخچێتییەكی زۆر دەكرێت
  2024-05-05       419       


به‌وته‌ی‌ ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هه‌ردو دەروازەی باشماخ‌و پەروێزخانی‌ تۆمەتبار كردووه‌ بەكاری‌ قاچاخی‌‌و وتویه‌تی‌، "قاچاخچێتییەكی زۆر زۆریان لێوە دەكرێت."

ئاوێنه‌: ئێوارەی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌گه‌ڵ وەزیرانی کشتوکاڵی عێراق‌و هەرێم‌و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی‌ عێراق كۆبوه‌وه‌.

مەریوان قەرەنی، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كه‌ به‌شدار بووه‌ لەکۆبونەوەکەدا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، "خاڵێك هەیە لەقسەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە ناكرێت چاوپۆشی لێبكرێت، ئەویش ئەوەیە كە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی باسی لەكێشەی كێڵگە پەلەوەرییەكان‌و قاچاخچێتی كرد، رایگەیاند، بەهۆی قاچاخچێتییەوە زیانێكی زۆر بەر خاوەنی ئەو كێڵگانە كەوتووە لەتەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان، راستەوخۆ هەردو دەروازەی (باشماخ‌و پەروێزخانی) تۆمەتبار كرد بەوەی قاچاخچێتییەكی زۆر زۆریان لێوە دەكرێت. داوای چارەسەری ئەم كێشەیەی كرد. هیوادارین ئەوانەی ئەم ناوچەیەیان بەدەستەوەیەو قاچاخچێتییەكە لەژێر ڕكێفیاندا دەكەن، واز لەم كارە بهێنن یان ڕێگری لێ بكەن!".

هاوکات سۆران عومەر، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ به‌شدار بووه‌ لەکۆبونەوەکەدا، له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق داوای لەوەزیری کشتوکاڵ -بێگه‌رد تاڵه‌بانی‌- کردووه‌ هێنانی هێلکە بەقاچاخ لەهەردو مەرزی باشماخ‌و پەروێزخان ڕاگرن. سودانی‌ وتی، پرۆژەکانی خۆتان‌و عێراقیش بەرەو مایەپوچ بون دەچن.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×