سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم و ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و عێراق و هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه:
به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2024/5/6 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له تاران له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئیبراهیم ڕه‌ئیسى، سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئێران، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و وه‌زیرى ناوخۆ و شاندێكى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا جه‌ختیان له بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێیه‌تیى باش و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و په‌یوه‌ندیى ئابوورى كرده‌وه، هه‌روه‌ها ستایشى په‌یوه‌ندیى دێرین و مێژووییى نێوان كۆمارى ئیسلامى و هه‌رێمى كوردستانیان كرد.
سه‌رۆك ڕه‌ئیسى سوپاس و پێزانینى كۆمارى ئیسلامى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى بۆ ئه‌و هاریكارییه‌ى پێشكه‌ش به زیاره‌تكارانى ئێرانى بۆ مه‌زارگه پیرۆزه‌كان له باشوورى عێراق ده‌كات له كاتى تێپه‌ڕبوونیان به هه‌رێمى كوردستاندا. لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیش سوپاسى پشتگیرى و هاریكاریى ئێرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.
له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داكۆكییان له پێویستى و گرنگیى به‌رده‌وامیى هه‌ماهه‌نگى و هاریكاریى هاوبه‌شى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه.