فازڵ نەبی: بانكی تی بی ئای و هەژماری من دو شتی جیاوازن
  2024-05-15       582       

فازڵ نەبی، بریكاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بانكی تی بی ئای و پڕۆژەی هەژماری من دو شتی جیاوازن، نە تی بی ئای ڕازییە بچێتە ناو هەژماری من، نە هەژماری من ڕازییە تەوتین بکرێت. دەشڵێت، ئەوە دوجار نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا، "ڕەنگە بیانەوێت کاریگەری لەسەر دادگای فیدراڵی دروست بکەن سەبارەت بەبابەتی هەژماری من و ..جێگای هەژماری من لە تەوتیندا بکەنەوە."

ئاوێنە: فازڵ نەبی، بریكاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند"ئێستا دو بابەت بونەتە کێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا کە کاریکردوەتە سەر دواکەوتنی ناردنی موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم، یەکەم بابەتی تەوتین و دوەمیش بابەتی داهاتی ناوخۆی هەرێم."

لەبارەی كێشەی هەژماری من و تەوتین وتویەتی"کێشەکە لێرەدایە کە لەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عەراق زۆر بەڕونی باس لە بانکە حوکمییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کراوە. تەوتین، پەیوەندی وەزارەتێکی دیاریکراوە لەگەڵ بانکێکی حکومەتی فیدراڵی، من دوێنێش قسەم لەگەڵ بەرێوەبەری بانکی تی بی ئای کرد و ئەو وتی ئێمە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێ دەکەین و هەروەها فەرمانی سەرۆک وەزیرانیشمان هەیە، بەڵام هەژماری من لەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا باسی نەکراوە."

فازڵ نەبی وتوشیەتی"هەژماری من کۆمەڵێک بانکی ئەهلین کە هەندێک لەو بانکانە ڕەنگە پێشتر کێشەی زۆرییان هەبوبێ، هەروەها لەهەژماری مندا دەبێت موچە لەبەغداوە بێتە سەر وەزارەتی دارایی هەرێم ئینجا دابەشی دەکات بەسەر بانکەکانی هەژماری من، تا ئێستاش هەم هەرێم و هەم بەغدا سورن لەسەر پڕۆژەکانی خۆیان."

 بریكاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەوە دوجارە کاک نێچیرڤان دەچێتە بەغدا، ڕەنگە بیانەوێت کاریگەری لەسەر دادگای فیدراڵی دروست بکەن سەبارەت بەبابەتی هەژماری من و نوسراوی وەزارەتی دارایی عێراقیش هەیە بەهەمان شێوە، ڕەنگە بیانەوێت جێگای هەژماری من لە تەوتیندا بکەنەوە."

فازڵ نەبی جەختی كردۆتەوە كە "نە بانكی تی بی ئای سەر بەهەژماری منە، نە هەژماری منیش سەر بەتەوتین و تی بی ئایە، دو شتی جیاوازن، ڕاستییەکە ئەوەیە، نە تی بی ئای ڕازییە بچێتە ناو هەژماری من، نەهەژماری من ڕازییە تەوتین بکرێت، ئەوە کێشەکەیە."

هەروەها وتوشیەتی"من دوێنێ قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری تی بی ئای کرد و وتی، ئێمە تەوتین دەکەین بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و ڕێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق."

لەبارەی كاریگەری ئەو بابەتانە لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم،  بریكاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق وتویەتی"دواکەوتنی موچەی مانگی چوار لەسەر بابەتی دەستپێنەکردنی تەوتین و داهاتی ناوخۆ بو بەڵام دوای فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی عێراق ئەم مانگەش موچەیان نارد، بۆیە ئەگەر ئەو کێشەیە لەبنەڕەتەوە چارەسەر نەکرێت ئەوا لەمانگی پێنج گەورەتر دەبێت."

وتوشیەتی"من پێشتر قسەم لەگەڵ کردن و وتیان مانگی چوار ڕەنگە موچە بنێرین، بەڵام ئەگەر ئەو دو گرفتە چارەسەر نەکرێ (تەوتین و داهاتی ناوخۆ) ئەوا موچەی مانگی پێنج نانێرن."

بەبڕوای فازڵ نەبی "باشترین" چارەسەر ئەوەیە كە "لەبری لێدوان لەسەر یەکتر هەردولا لەسەر ئاستێکی بەرز دابنیشن ڕێکبکەون بەڕێککەوتنی نوسراو نەک زارەکی، ڕێکبکەون لەسەر ئەو دو گرفتە ئەگەرنا کێشەکە بەردەوام دەبێت، حکومەتی هەرێم یا هەر حکومەتێک لەدنیادا واجبێتی موچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات، چۆن دابینی دەکات ئەوە کێشەی خۆیەتی، بۆیە دەڵێم دەبێت لەسەر ئاستی باڵا و بڕیار بەدەست بچنە بەغداد ڕێکبکەون نەک ئەو هەمو هاتوچۆیە بکەن و هەندێ برادەر کەدەچن دەسەڵاتی بڕیاریشییان نەبێ."

لەبارەی لێدوانێكی جێگری سەرۆك وەزیران كە وتبوی، ئامادەین داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکەین، بەمەرجی ئەوەی نەک موچە، بەڵکو بودجەی بەکارخستن و وەبەرهێنانمان بۆ بنێرن، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا فازڵ نەبی وتویەتی"ئەگەر سەیری یاسای بودجە بکەین ئەوەندە خراپە کە بودجەی بەکاربردنی بە 13 تریلیۆن خەمڵاندوە، لەو 13 تریلیۆنەش زیاتر لە تریلیۆنێکی خەرجی گواستنەوەی نەوتی هەرێمە کە ئەمە حکومەتی هەرێم ناتوانێت خەرجی بکات لەژێر دەستی سۆمۆیە. دەمێنێتەوە 12 تریلیۆن و کەمێک، ئەوەش ئەگەر مانگانە بەشە موچە 950 ملیار بێت ئەوەی دەمێنێتەوە دەکاتە 200 ملیار، مەبەستم ئەوەیە ئێمە کاتێک دەمانەوێت کێشەیەک چارەسەر بکەین کێشەیەکی تر سەرهەڵدەدات بۆیە دەڵێم دەبێت دابنیشن و کۆببنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×