بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی ئەدهەم بارزانی بارزانی كردو لە كۆبونەوەیەكدا جەختیان لە "سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی گۆڕانكاری لە پڕۆسەی حوكمڕانی."
ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بافڵ تاڵەبانی، لە سلێمانی و لە ماڵەكەی خۆی سەردانی ئەدهەم بارزانی كرد.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەی نێوانیاندا "دۆخی هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێكران و دوپات لە سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كرایەوە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی گۆڕانكاری لە پڕۆسەی حوكمڕانی و زیاتر خزمەتكردنی هاونیشتمانییان."
بەپێی راگەیەندراوەكە، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دوایین پێشهات و هەنگاوەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی "بێگەرد" رایگەیاند، "پێویستە هەمو ئەو هێزو لایەنانەی پەرۆشی سەرخستنی ئەزمونی هەرێمی كوردستان و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروستن، دژی دواخستنی هەڵبژاردن و دروستكردنی بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆسە گرنگ و دیموكراسییەدا بوەستنەوە."
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەدرێژەی دیدارەكەدا گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردولاو یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و پاراستنی مافە دەستورییەكانی گەلی كورد لەچوارچێوەی حكومەتی فیدراڵ جەختی لێكرایەوە."