حزبی دیموكرات لەبارەی كەیسی بەهزاد خوسرەوی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
  2024-09-07       758       

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەبارەی كەیسی "رادەستكردنی بەهزاد خوسرەوی" بە ئێران، دەڵێت، بەپێچەوانەوەی ئەوەی لە راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتوە، بەهزاد خوسرەوی لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوەو نیشتەجێبونی وەرگرتوەو ماوەی حەوت ساڵیشە خۆی و بنەماڵەكەی ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانن.

ئاوێنە: دوێنێ هەینی، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردو هاوڵاتی (بێهزاد خەسرەوی) بەهۆی نەبونی مۆڵەتی مانەوەو نیشتەجێبون لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی دەستگیردەکرێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە مۆڵەتی مانەوەو نیشتەجێبونی هەرێمی کوردستانی نییەو پەيوەندى به كارى سياسیيەوه نيیه. دوای دەستگیرکردنی و لەسەر داوای خۆی ( بێهزاد خەسرەوی) داوای گەڕانەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئاسایشی سلێمانی بەڵێننامەیەکی یاسایی پێ واژۆ دەکات کە داواکار لەسەر خواستی خۆی دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، دواتر ڕێکارە یاساییەکانی گەڕانەوەی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێ کراوە."

لەبەرامبەر ئەوەدا ناوەندی تەشکیلاتی حزبی دیموکراتی كوردستانی ئێران رایگەیاند"لە ماوەی دو حەوتوی ڕابردودا بێهزاد خوسرەوی، خەڵکی سەقز، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکومەتی هەرێم لەم شارە دو جار بانگ کراوەو جاری دوەم دوای چەند ڕۆژ بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە."

حزبی دیموكرات وتوشیەتی"لە ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شاری سلێمانی هۆکاری گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ناوبراو مۆڵەتی نیشتەجێبون لە هەرێمی کوردستانی نەبوەو هیچ پێوەندییەکی تەشکیلاتیی بە لایەنێکی سیاسییەوە نەبوە. پێچەوانەی ئەوەی لەو ڕاگەیەندراوەی دەزگای ئاسایشدا هاتوە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێی هەمو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوەو نیشتەجێبونیان وەرگرتوەو مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم بوە."

حزبی دیموكرات جەختیشی كردۆتەوە كە ناوبراو "ماوەی 7 ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بون و لە هەمو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاساو ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕوی نەداوە کە لە مەحکەمە و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لەبارەی گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران

لە ماوەی دو حەوتوی ڕابردودا بێهزاد خوسرەوی، خەڵکی سەقز، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکومەتی هەرێم لەم شارە دو جار بانگ کراوەو جاری دوەم دوای چەند ڕۆژ بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شاری سلێمانی هۆکاری گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ناوبراو مۆڵەتی نیشتەجێ بون لە هەرێمی کوردستانی نەبوەو هیچ پێوەندییەکی تەشکیلاتیی بە لایەنێکی سیاسییەوە نەبوە.

پێچەوانەی ئەوەی لەو ڕاگەیەندراوەی دەزگای ئاسایشدا هاتوە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێی هەمو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوەو نیشتەجێبونیان وەرگرتوەو مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم بوە، تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار کردوە. هەروەها ماوەی 7 ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بون و لە هەمو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاساو ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕوی نەداوە کە لە مەحکەمە و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکوم دەکا و ڕایدەگەیەنێت کە دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوا بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک ناوبراو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابا. بۆیە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕوداوە داوای زانیاری و ڕونکردنەوەی پتر لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکان و هەروەها بەدواداچونی یاسایی بۆ ئەو بابەتە دەکەین.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×