2019-10-07   1984     
ئاوێنە: ئاراز محەمەد
لەسنوری قەزایی كفری كۆمپانیایەك بەناوی گەرمیان پترۆلیۆم لەبازگەكاندا ڕێگە لەشۆفێری بارهەڵگرەكان دەگرن و قایمقامی قەزاكەش دەڵێت ''هیچیان لەبارەوە نازانم''.
ماوەی زیاتر لە (١٠)ڕۆژە كۆمپنایایەك بەناوی ( گەرمیان پترۆلیۆم) لەبازگەكانی ئاسایش لەچەند شوێنێكی گەرمیان جێگیر كراوە وەك بازگەی ساڵح ئاغا لەنێوان كەلار و پەروێزخان و بازگەی نێوان دوز و كفری .
بەپێیی زانیاریەكان هەرئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بەو بازگانەدا تێپەڕبێت وەسڵێكی بۆدەكەن كەجۆری ئۆتۆمبێلەكە و ژمارەكەی ئۆتۆمبێلەكەی تێدا نوسراوە بەڵام بڕی غەرامەكە نەنوسراوە .
لەوبارەیەوە جەلال شێخ نوری قایمقامی كفری بۆ ئاوێنە وتی ''من ئاگاداری هاتنی ئەو كۆمپانیا نیم و ناشزانم هی كێیەو لە ئیدارەی گەرمیانەوە ئاگادار نەكراوم''.
ئاماژهی بهوهشدا ''ئەمڕۆ یەك شەم بانگام كردوون داوایی مۆڵەتی ڕەسمیمان لێكردوون و تائێستا نەیان هێناوە بۆمان'' شێخ جەلال وتیشی: ئەگەر مۆڵەت نەبێت ئەوە ڕێگە نادەین كاربكەن.
هاوكات شیرین ئەمین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی بۆ ئاوێنە وتی ''من قسەم لەگەڵ شۆفێرەكان كردوە بەشێكیان دەڵێن پارەمان لێوەرنەگیراوە تەنها وەسڵمان وەرگرتوە، بەڵام چەند شۆفێرێك بەدڵنیایەوە دەڵێن بڕی (١٠٠) هەزارمان لێوەرگیراوە''.
شیرین ئهوهشی وت ''ئەو پارەیە وەك سەرانە وایە چونكە ئۆتۆمبێلی بار لەدەروازەی پەروێزخان باج و ڕسومات دەدات ئیتر بۆ پارەی تری لێوەردەگرن''
لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش واباسی ئەو كۆمپانیایە كراوە كەچەند بەرپرسێكی سنورەكەی لەپشتەوەبێت.

