وێنەی د. ئەندێشە، ئەو پزیشكەی كە ناوەڕاستی ئەم مانگە، تەرمەكەی لەنێو ژورەكەی خۆی لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر دۆزرایەوە
مەریوان فەتحی، باوكی د. ئەندێشە، ئەو پزیشكەی كە ناوەڕاستی ئەم مانگە، تەرمەكەی لەنێو ژورەكەی خۆی لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر دۆزرایەوە، رەتیدەكاتەوە كە كوڕەكەی بە جەڵتە گیانی لەدەستدابێت و دەڵێت، "خەڵكینە كوڕەكەمیان كوشت، كوشتیان و خەریكن وەك چەندین تاوانی تر سیناریۆی بۆ دەهۆننەوە...بۆ خاتری خوا وەرنە هانامان."
ئاوێنە: رۆژی 15ی ئەم مانگە تەرمی پزیشكێك بەناوی "ئەندێشە مەریوان فەتحی" تەمەن 30 ساڵ، کە پزیشکی پایە بڵندی سڕکردن بو، لەنێو ژورەکەی خۆی لەناو نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر دۆزرایەوە. هەر ئەو رۆژە یەكێك لە خزمەكانی رایگەیاندبو كە لە پزیشكی دادی هەولێر پێیان وتون، هۆكاری گیانلەدەستدانی د. ئەندێشە "جەڵتە" بوە بەڵام پێیان نەوتون كە جەڵتەی دڵ بوە یان مێشك.
ئەمشەو پێنجشەممە، مەریوان فەتحی، باوكی د. ئەندێشە، لەبارەی مەرگی كوڕەكەی بانگەوازێكی بڵاوكردۆتەوەو دەڵێت"خەڵكینە كوڕەكەمیان كوشت، كوشتیان و خەریكن وەك چەندین تاوانی تر سیناریۆی بۆ دەهۆننەوە، خەڵكینە دوای خوا، پێویستمان بە پشتگیری ئێوە هەیە تا فشار لەدادگاو لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن، چونكە لەیەكەم سەردانی دادگا بۆمان دەركەوت كە دادگا بە قازانجی لایەنێكی نادیار كاردەكا، هەروەها ئیدارەی نەخۆشخانەو زۆر لای تریش بەهەمان شێوە ڕاستییەكان پەردەپۆش دەكەن، زانیاری و بەڵگەمان هەن كە دەیسەلمێنن كەیسەكە تاوانەو دژی كوڕەكەم ئەنجام دراوەو خەڵكی دەسڕۆیشتو لەپشتیەتی و دامەزاراوەكان ناوێرن ڕاستییەكە بڵێن."
باوكی د.ئەندێشە، دەشڵێت"هەر ئەو ڕۆژە لەسەر نەخۆشێكی خەتەر، ڕۆڵەكەم لەگەڵ دو پزیشكی بەرپرس لەگیانی نەخۆشێك بەشەڕ هاتوە كە ناچن چارەسەری بكەن، لە ئەنجامدا نەخۆشەكە دەمرێ و كوڕەكەم پێیان دەڵێ سبەینێ لە ئیدارەی نەخۆشخانە شكاتتان لێ دەكەم، كەچی ناهێڵن بگاتە بەیانی و دەیكوژن و بە ئێمەیان گوت جەڵتە لێیداوە. باشە بۆچی ئیدارەی نەخۆشخانە بەدواداچون ناكا؟ بۆچی دیزە بەدەرخۆنەیان كردوە؟ زۆر بەڵگەی ترمان لایە بەڵام پێدەچێ ئەوانە بڕیاری خۆیان دابێ."
دەشڵێت: "خەڵكینە ئێمەی خێزانی جوانەمەرگ دوای كوشتنی كوڕەكەشمان هەست بەزەلیلی و بێچارەیی دەكەین، تكایە وەرنە سەرخەت. تكایە پشتیوانمان بن لەدادگا، تا دادگا نەوێرێ و زات نەكا فێڵمان لێ بكا.. بۆ خاتری خودا وەرنە هانامان."
دەقی بانگەوازەكەی مەریوان فەتحی، باوكی د. ئەندێشە
بانگەواز
خەڵكی كوردستان وەرنە هانامان، مەهێڵن ئێمەش لەسەرمەردبونمان بكوژن!
كوڕم بەڕێگەكەتدا دێم، یان منیش دێمەلات، یان سەبەبكارت لەخوێنی خۆیدا دەگەوزێنم و لە خودا نەبێ لە هیچ زیڕوحێكیش نەترساوم و ناشترسم. كوڕم بێ خەم بنو تۆڵە بەسەبرە ئەمما بەزەبرە!
با ئەو سەرمایەدارو گەندەڵ و دزو حیزو مارمژەكانی خوێنی میللەت باش بزانن كە دەزانین چۆن لەناویان بردویت و چۆنیش بێ ئەخلاقانە دەیانەوێ تاوانەكەیان شوێنە ون كەن و كەیسەكەت بەلاڕێدا بەرن! و بە سیناریۆی بەدڕەوشتانە خەڵك و ئێمەش لە خشتە بەرن! ئەوانە حەسودی بەكەسانی ئازاو زیرەك و سەلار دەبەن و پێیان وایە خەڵك نۆكەریانە و تۆش مەردبوی سەلارو ئازادەو زیرەك بوی ..زۆر نامەردانە وەك دەیانی تر لەناویان بردی .
خەڵكینە كوڕەكەمیان كوشت، كوشتیان و خەریكن وەك چەندین تاوانی تر سیناریۆی بۆ دەهۆننەوە، خەڵكینە دوای خوا، پێویستمان بە پشتگیری ئێوە هەیە تا فشار لەدادگاو لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن، چونكە لەیەكەم سەردانی دادگا بۆمان دەركەوت كە دادگا بە قازانجی لایەنێكی نادیار كاردەكا، هەروەها ئیدارەی نەخۆشخانەو زۆر لای تریش بەهەمان شێوە ڕاستییەكان پەردەپۆش دەكەن، زانیاری و بەڵگەمان هەن كە دەیسەلمێنن كەیسەكە تاوانەو دژی كوڕەكەم ئەنجام دراوەو خەڵكی دەسڕۆیشتو لەپشتیەتی و دامەزاراوەكان ناوێرن ڕاستییەكە بڵێن.
داوا لەداواكاری گشتی، كۆمەڵگەی مەدەنی، پارێزەرو یاساناسانی مرۆڤدۆست، دكتۆرو كارمەندانی هاوڕێی جوانەمەرگ و هەمو خەڵكی كوردستان بەتایبەت ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ دەكەم بێنە ناو كەیسەكەو لەنزیكەوە چاودێری بەڕێوەچونی بكەن، تا تاوانباران نەتوانن بە پارەو دەسەڵات تاوانەكەیان بشارنەوەو خۆیان لە سزای كوشتنی ڕۆڵە بێ گوناهو دڵسۆزەكەم بە گەل، دەرباز بكەن.
هەرئەو ڕۆژە لەسەر نەخۆشێكی خەتەر ڕۆڵەكەم لەگەڵ دو پزیشكی بەرپرس لەگیانی نەخۆشێك بەشەڕهاتوە كە ناچن چارەسەری بكەن، لە ئەنجامدا نەخۆشەكە دەمرێ و كوڕەكەم پێیان دەڵێ سبەینێ لە ئیدارەی نەخۆشخانە شكاتتان لێ دەكەم، كەچی ناهێڵن بگاتە بەیانی و دەیكوژن و بە ئێمەیان گوت جەڵتە لێیداوە. باشە بۆچی ئیدارەی نەخۆشخانە بەدواداچون ناكا؟ بۆچی دیزە بەدەرخۆنەیان كردوە؟ زۆر بەڵگەی ترمان لایە بەڵام پێدەچێ ئەوانە بڕیاری خۆیان دابێ.
خەڵكینە ئێمەی خێزانی جوانەمەرگ دوای كوشتنی كوڕەكەشمان هەست بەزەلیلی و بێچارەیی دەكەین، تكایە وەرنە سەرخەت. تكایە پشتیوانمان بن لەدادگا، تا دادگا نەوێرێ و زات نەكا فێڵمان لێ بكا.. بۆ خاتری خودا وەرنە هانامان.
ژمارەی تەلەفۆنەكەم: 07504849468
تكایە تا دەتوانن بانگەوازەكەم شەیر بكەنەوە