جێرمی كۆربین، سەرۆكی پێشوی پارتی كرێكارانی بەریتانیا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر هەڵكوتانە سەر سەنتەری كۆمەڵگەی كوردی لە لەندەنی پایتەخی وڵاتەكەی لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە پۆلیسەوە.
ئاوێنە: جێرمی كۆربین كە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیایە، لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وتویەتی، هەست بە نیگەرانییەكی زۆر ئەكەم لەبەرامبەر هەڵكوتانە سەر سەنتەری كۆمەڵگەی كوردی لە لەلەندەن لەلایەن ژمارەیەكی زۆری پۆلیسەوە.
بەپێی قسەی پۆلیسی شاری لەندەن سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لەمیانی هەڵكوتانە سەر سەنتەری كۆمەڵگەی كوردی، حەوت کەس بەتۆمەتی چالاکی گومانلێکراو کە پەیوەندییان بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە، دەستبەسەركراون. بەپێی ڕاگەیاندنی پۆلیس، پارتی كرێكارانی كوردستان، لەوڵاتی بەریتانیا پارتێكی قەدەغەکراوە.
جێرمی كۆربین وتوشیەتی، سەنتەرە كوردییەكە، روبەرێكی كولتوری گرنگە بۆ كۆمەڵگە فرەرەنگەكان لە باكوری لەندەن و هەروەها هاوكاری پێشكەشی ئەو پەنابەرانە دەكات كە لە چەوساندنەو شەڕ هەڵاتون، شوێنێكیشە بۆ كۆبونەوەو دیداری كوردەكان و خزمەتگوزاری و وانەكانی شتێكی گرنگ بۆ ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك.
جەختیشی كردۆتەوە كە هێرشكردنە سەر دامەزراوەكانی كۆمەڵگە و ئازادییە دیموكراسییەكان، هیرشە بۆ سەر هەمومان.
جێرمی كۆربین وتوشیەتی، زۆر شانازی بەوەوە دەكەم كە نوێنەرایەتی بازنەیەكی هەڵبژاردن دەكەن، كۆمەڵگەیەكی كوردی پڕ لە ژیان لەخۆدەگرێت، ئەو كوردانە بەشێك لە لەندەنی ئێمەیان بۆ باشتر گۆڕیوەو ئیرادەی ئەوان سەرچاوەیەكی ئیلهامە بۆ ملیۆنان لە ئێمە كە هەوڵی بونیادنانی جیهانێكی دادپەروەرانەتر و ئارامتر دەدەن.