ئیمانویل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێراندا داوای لێكردوە بگەڕێنەوە بۆ دانوستان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمی و موشەكییەكەی وڵاتەكەیان و جەختیشی لە دەستپێكردنەوەی بەپەلەی كارەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ئێران كردۆتەوە.
ئاوێنە: ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشكییان، سەرۆككۆماری ئێراندا چەند پرسێكیان تاوتوێ كردوە.
سەرۆكی فەرەنسا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، ئاماژەی بەوەداوە كە داوای ئازادكردنی دو هاوڵاتی فەرەنسی لە زیندانەكانی ئێران كردوەو هەروەك داواشی كردوە كە هاوڵاتیان و دامەزراوە فەرەنسییەكان لە ئێران روبەڕوی هیچ جۆرە هەڕەشەیەك نەبنەوە.
ماكرۆن وتوشیەتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا داوای رێزگرتن لە ئاگربەست و گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ناوچەكەی كردوە.
هەروەك بەپێی قسەی خۆی داوای كردوە ئێران بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و موشەكییەكەی و هەروەك داواشی كردوە تاران پابەندبێت بە چوارچێوەكانی پەیماننامەی قەدەغەكردنی بەرفراوانكردنی چەكی ئەتۆمی.
سەرۆكی فەرەنسا وتوشیەتی، داوایەكی دیكەی بۆ پزیشكیان ئەوە بوە كە بەخێرایی كارەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ئێران دەستپێبكەنەوە ئەوەش لەپێناو گەرەنتیكردنی شەفافیەت.